بانکی نێودەوڵەتیی پێشبینی خۆی بۆ گەشەی ئابوریی عێراق بۆ ساڵی 2022 ئاشکراکرد

عیراق

13/01/2022‌ 980 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بانکی نێودەوڵەتیی لەنوێترین راپۆرتی خۆیدا لەبارەی گەشەی ئابووریی وڵاتان ئاشکرای کردووە پێشبینی دەکرێت لەدوو ساڵی داهاتوودا عێراق لەناو وڵاتانی عەرەبیدا  بەرزترین ئاستی گەشەی ئابووریی تۆمار بکات.

بەپێی راپۆرتەکەی بانکی نێودەوڵەتیی پێشبینی دەکرێت لەساڵی 2022 دا عێراق لەناو وڵاتانی عەرەبیی و ئێراندا گەورەترین گەشەی ئابووریی تۆمار بکات و بگاتە لەسەدا 7.3 ، لەکاتێکدا لە ساڵی 2021 گەشەی ئابووریی عێراق لەسەدا 2.6 بوو، هەروەک ساڵی 2020یش ئابووری ئەو وڵاتە لەسەدا 15.7 پاشەکشەی کردبوو، پێشبینی ئەوەشی کردووە کە گەشەی ئابووریی عێراق تاوەکو ساڵی 2023 لەپێش سەرجەم وڵاتانی ترەوە بێت، بەڵام ئەو گەشەیە بۆ لەسەدا 6.3 کەمببێتەوە.

سەبارەت بە گەشەی ئابووریی وڵاتانی تری ناوچەکە، بانکی نێودەوڵەتیی وتویەتی" پێشبینی دەکرێت گەشەی ئابووریی سعوودییە لەساڵی 2022 بەڕێژەی لەسەدا 4.9 بێت، هەروەک قەتەر لەسەدا 4.8، کوێت لەسەدا 5.3 ، میسر لەسەدا 5.5، ئیمارات لەسەدا 4.6، بەحرێن لەسەدا 3.2، ئێران لەسەدا 2.4، ئوردن لەسەدا 2.3، جەزائیر لەسەدا 2، عوممان لەسەدا 3.4 گەشە بکەن.

بانکی نێودەوڵەتیی هەروەک ئاماژەی بەوەکردووە کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئاسانکردنی سیاسەتە نەختینەییەکان کە هاوکاتە لەگەڵ باشبوونەوەی ئەو کەرتە ئابووریانەی بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە زیانیان بەرکەوتبوو، پێشبینیی دەکرێت گەشەی ئابووری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقیا زیاتر بەرزببێتەوە و بگاتە لەسەدا 4.4 لەساڵی  2022 دا، لەکاتێکدا لەمانگی تەمموزی ساڵی 2021 پێشبینی کردبوو گەشەی ئابووریی ناوچەکە لەساڵی 2023 لەسەدا 3.4 بێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی