ئایا خواردنەوەی چا لەلایەن منداڵانەوە تەندروستە؟

تەندروستی

15/01/2022‌ 472 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یەکێک لەو ڤیدیۆیانەی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی تیک تۆکدا بڵاوکراوەتەوەو مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، باس لەوەدەکات کە ئایا چی تەمەنێک گونجاوە بۆئەوەی ئەو خواردنەوانەی کافاینیان تێدایە وەک چا یان قاوە بەمنداڵ بدرێت.

لەوبارەیەوە، دەستەی گشتیی تەندروستیی بەریتانیا دەڵێت:"ئەو خواردنەوانەی کافاینیان تێدایە بۆ منداڵی شیرەخۆرەو بچوک "نەگونجاون"، ئەوەش چای ڕەش‌و قاوەو خواردنەوە گازییەکان‌و خواردنەوە وزەبەخشەکان دەگرێتەوە.

لەوبارەیەوە، هێلین بۆرگیس پسپۆڕی بواری خۆراکیی لەدامەزراوەی Little Cooks Co بەپێگەی میترۆی بەریتانی وتوە: ئەو لەکاتی تەمەنی منداڵیداو بەرلەوەی بچێتەسەر جێگای خەوتن، چای خواردۆتەوە، بەڵام ئێستا دەزانین کە زیانەکانی کافایین لەسەر تەندروستیی جەستە چییە.

ئەو دەڵێت:"کافایین بەئاگاهێنەرە، لەبەرئەوەش کە خەو لەتەمەنی منداڵیدا گرنگییەکی زۆر زۆری هەیە، لەبەرئەوە نابێت هیچ شتێک بکەین زیان بەخەوی منداڵ بگەیەنێت، کە ڕەنگە بشبێتە هۆی زیادبونی پەستانی خوێن‌و بەرزبونەوەی لێدانی دڵ بەشێوەیەکی کاتیی".

هەروەک بەپێی پەیپەرێکی لێکۆڵینەوەی نەخۆشخانەی ئۆرمۆند ستریت بۆ منداڵان، ئاماژە بەوەکراوە، ئەگەرهات‌و منداڵ زۆر حەزی لەو خواردنەوانە بوو کە کافاینیان تێدایە، ئەوە دەبێت هەوڵبدرێت سنورێک بۆ بڕی خواردنەوەکەی دابنرێت، بۆئەوەش نابێت لەدوای نانخواردن پێی بدرێت تاوەکو زیان بەسیستەمی خەوەکەی نەگەیەنێت.

هەروەک ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ پزیشکی منداڵان دەڵێت: نابێت منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵی ئەو خواردنەوانە بخۆنەوە کە کافایینیان تێدایە، بۆئەوەش ڕێنماییداوە منداڵان‌و هەرزەکاران خواردنەوە وزەبەخشەکان نەخۆنەوە.

و: ئاکۆ ئاڵی