پزیشکێکی ئێرانی: بەشێک لە ئێرانییەکان بۆ فرۆشتنی گورچیلەکانیان رودەکەنە عێڕاق

عیراق

16/01/2022‌ 600 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی پێگەی "ئیران ئینتەرناشناڵ" سەرۆکی کۆمەڵەی پشتیوانیکردنی نەخۆشانی گورچیلە لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاندووە کە بەشێک لە هاوڵاتیانی ئێرانی کاتێک لەبەر هەژاریی دەیانەێت گورچیلەکانیان بفرۆش، ڕوودەکەنە عێراق، لەبەرئەوەی لەو وڵاتە ئەو ئەندامەی جەستەیان بە دۆلار دەیفرۆشن نرخێکی زیاتریان بۆ دەکات.

 "ئیران ئینتەرناشناڵ" لەسەر زاری حەسەن بیکلەری سەرۆکی ئەو کۆمەڵە پزیشکییەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە گواستوویەتییەوە کە رایگەیاندوە: بەشێک لەوانەی دەیانەوێت گورچیلەکانیان بفرۆشن پێیان رادەگەیەنن کە دەیانەوێت بۆ ئەوکارە بڕۆنە عێراق، لەبەرئەوەی نرخەکەی لە ئێران بەراورد بە عێراق زۆر کەمە.

بیکلەری روونیکردۆتەوە کە هەرچەندە ژمارەی ئەوکەسانەی دەیانەوێت گورچیلەکانیان بفرۆشن و ناوی خۆیان تۆمارکردووە زۆر زیادی کردووە، بەڵام بەگشتیی ژمارەی نەشتەرگەرییەکانی چاندنی گورچیلە کەمیان کردووە، لەبەرئەوەی نرخی نەشتەرگەرییەکە زۆر بەرزە و لەتوانای دارایی هاوڵاتیانی ئێرانیدا نییە.

هەر بەپێی راپۆرتەکە، نرخی فەرمی فرۆشتنی گورچیلە لەسەر بنەمای ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمەڵەکانی پشتیوانیکردنی نەخۆشانی گورچیلە لە ئێران دەکرێت بریتییە لە 80 ملیۆن تومان، بەڵام ئەو نرخە لە عێراق یان لە وڵاتانی تری دەرەوە لەنێوان 150 بۆ  300  ملیۆن توماندایە.

هەروەک هۆشەنگ ڕەزوان پەنا، سەرۆکی کۆمەڵەی پشتیوانیکردنی نەخۆشانی گورچیلە لە گەیلان وتویەتی: بەهۆی هەژاریی و کێشە ئابوورییەکانەوە، ژمارەی ئەوانەی ناوی خۆیان بۆ فرۆشتنی گورچیلەکانیان لایان تۆمار دەکەن، رووی لە زیادبوون کردووە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی