یەکێتى و گۆڕان لەبەرامبەر سڕکردنى ئەنجومەنى نەوت و گاز بێدەنگن

کوردستان

16/01/2022‌ 746 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عەلی حەمەساڵح سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، بەرزترین دەسەڵات لە دۆسیەی نەوتدا ئەنجومەنی ھەرێمی نەوت گازە، یەکێتی و گۆڕان زۆرینەن.

عەلی حەمەساڵح ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، بەرزترین دەسەڵات لە دۆسیەی نەوتدا ئەنجومەنی ھەرێمی نەوت گازە، یەکێتی و گۆڕان زۆرینەن و لە (٥) ئەندام (٣) ئەندامیان ھەیە، بەڵام ھیچ ڕۆڵێکیان نیەو ڕازیشن.

بەوتەی عەلی حەمەساڵح "لەم کابینەیەدا ئەم ئەنجومەنە تەنانەت یەک کۆبونەوەشی نەکردوە! کۆی پرۆسەکە سەرۆکی حکومەت خۆی بەڕێوەی دەبات! یەکێتی و گۆڕان ھیچ ناڕەزایەکی جدیان پیشان نەداوە لە سڕکردنی دەسەڵاتیان .. بەبێدەنگی لە دۆسیەی نەوت دڕوانن و سەرۆکی حکومەت چی بوێت ھەر ئەوە دەڕوات".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بەوەشکردوە،  جگە لەو بەنزینەی لە بەغدا دێت، حکومەتی ھەرێم ڕۆژانە ٩٥٠ ھەزار لیتر بەنزینی ھەیەو لیترێکی نادرێتە سلێمانی و ھەمووی بۆ سێ کۆمپانیای ھەولێرەو لەوێوە دەفرۆشرێتەوە لە بازاڕ؛ زۆرینەکەی ئەنجومەنی ھەرێمی بێدەنگن! ڕەنگە ھەر نەشزانن.

هەروەها عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت، بۆ پارەی لوبنان و زۆری کرێی بۆری و کۆمپانیاکانیش ھەر بێدەنگن! چەندیش پارەی نەوت بگەڕێتەوە ھەر ڕازین، ئێستاش لە بەرمیلێک نەوت ٢٧ دۆلار دەمێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی ھەر بێدەنگن.

بەپێی یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان ژمارە(٢٨) ساڵی ٢٠٠٧، بەرزترین دەسەڵاتی یاسایی لە دۆسیەی نەوتدا، ئەنجومەنی ھەرێمیە بۆ کاروباری نەوت و گاز، ئەم ئەنجومەنە، لە سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری سامانە سروشتیەکان و دارایی و کاروباری ئابوری و پلاندانان پێکدێت..