شارپرێس:
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیمارات (وام) پۆلیسی ئەبوزەبی ڕایگەیاندوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە لەئەنجامی تەقینەوەی سێ تانکەری گواستنەوەی سوتەمەنیی لەنزیک کۆگاکانی کۆمپانیای نەوتی ئەبوزەبی (ئەدنۆک) ئاگرێک کەوتۆتەوە، باسی لەڕوداوی ئاگرکەوتنەوەیەکی بچوکیش لەناوچە نوێکانی فڕۆکەخانەی ئەبوزەبیش دهكرێت.
باس لەوەشکراوە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەبونی تەنی ئاسمانیی دەکەن لەناوچەکەدا کەوتونەتە خوارەوەو پێدەچێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بن.
ئاژانسە ئیماراتییەکە باسی لەوەکردوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بەلێکۆڵینەوەی فراوان سەبارەت بەدروستبونی ئاگرەکانو دۆخی دەوروبەری ناوچەکە کردوەو جەختیشكراوهتهوه، ئاگرەکان زیانێکی ئەووتۆیان لێنەکەوتۆتەوە.
بەڵام دوای 12 خولەک لەبەیاننامەکەی پۆلیسی ئەبوزەبی، یەحیا سەریع وتەبێژی فەرمی حوسییەکانی یەمەن لەتویتێکدا ڕایگەیاند، پڕۆسەیەکی سەربازیی جۆرییان لەقوڵایی خاکی ئیماراتدا ئەنجامداوە.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوداو لەدوای کۆنترۆڵکردنی شاری شبوە لەلایەن "لیوای عەمالیق" کە لەلایەن ئیماراتییەکانەوە پشتیوانیدەکرێت، حوسییەکان بەڵێنی ئەوەیاندابوو کە هێرشەکانیان دژ بەئیمارات زیاتر دەکەن.
و: ئاکۆ ئاڵی