شارپرێس:
ئەلبێرت پۆڕلا بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی کۆمپانیای دەرمانسازیی "فایزەر"ی ئەمریکی ڕایگەیاند، ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ چەند ساڵی داهاتوش بەردەوامدەبێت لەبڵاوبونەوە.
پۆڕلا لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "بی ئێف ئێم"ی فەڕەنسیدا وتویەتی:"ئەم شەپۆلەی ئێستای بڵاوبونەوەی پەتای کۆڕۆنا، دەبێت دوایین شەپۆل بێت کە حکومەتەکان ناچاربن بەهۆیەوە کۆتوبەند بەسەر هاوڵاتیاندا بسەپێنن".
هەروەک لەقسەکانیدا جارێکی تریش جەختیکردۆتەوە کە ڤاکسینەکانی دژ بەکۆڕۆنا بۆ منداڵانیش "کاراو سەلامەت"ن.
لای خۆیەوە، ئەنتۆنی فاوچی گەورە پسپۆڕی بواری نەخۆشییە درمەکانو ڕاوێژکاری پزیشکیی کۆشکی سپیی وتویەتی:"هێشتا زوە باس لەوەبکرێت کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەبێتە پەتایەکی ئاساییو هاوشێوەی پەتا وەرزییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت".
بەڵام ئومێدیشی خواستوە کە لەمساڵدا ڤایرۆسەکە ببێتە ڤایرۆسێکی ئاسایی، ئەویش لەحاڵەتێکدا ئەگەر بێتو شێوەی نوێی ڤایرۆسەکە سەرهەڵنەدەن.
بەگوێرەی دوایین ڕاپرسیی کە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسیی ئەنجامیداوە، تائێستا زیاتر لە 5 ملیۆنو 533 هەزار کەس لەجیهاندا بەپەتای کۆڕۆنا گیانیانلەدەستداوە، لەکاتێکدا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی مەزەندەیکردوە، ژمارەی ڕاستەقینەی ئەوانەی بەکۆڕۆنا مردون، دوو بۆ سێ قاتی ژمارە ڕاگەیەندراوەکان بێت.
و: ئاکۆ ئاڵی