شارپرێس:
رۆژی 21/12/2021، ژاپۆن سێ زیندانیی حوكمكدراو له‌سێداره‌دا. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین جێبه‌جێكردنی ئه‌و سزایه‌یه له‌و وڵاته له‌ماوه‌ی دوو ساڵدا، سزای له‌سێداره‌دان له‌زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ژاپۆن ده‌ڵێت، هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و سزایه پێویسته بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تاوانه دڕندانه‌كان.
ژاپۆن یه‌كێكه له‌و وڵاته كه‌مه پێشكه‌وتوانه‌ی كه تائێستا ئه‌م سزایه‌ی هه‌ڵنه‌وه‌شاندووه‌ته‌وه، هاوكات بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پشتگیرییه‌كی شه‌قامی له‌گه‌ڵدایه، هه‌رچه‌نده له‌م رووه‌وه توشی ره‌خنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، به‌تایبه‌تی هی گروپه‌كانی په‌یوه‌ست به مافی مرۆڤ بووه‌ته‌وه.
له‌ئێستادا زیاتر له سه‌د كه‌س له‌م وڵاته له‌چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌داندان، زۆربه‌یان زیاتر له‌كه‌سێكیان كوشتووه. له‌م وڵاته به‌گشتی له‌سێداره‌دان به هه‌ڵواسین جێبه‌جێده‌كرێت و ماوه‌ی نێوان ده‌رچونی بڕیاره‌كه‌و جێبه‌جێكردنی، كاتی زۆر ده‌خایه‌نێت.
یه‌كێك له‌و سێ كه‌سه‌ی رۆژی 21ی مانگی رابردوو له‌سێداره‌دران، پیاوێكی ته‌مه‌ن 54 ساڵ بوو به‌ناوی تۆمواكی تاكانیزاوا كه له‌ساڵی 2003، له‌هۆڵێكی یاریكردن، دوو كارمه‌ندی كوشتووه‌و شه‌ریكه‌تاوانه‌كه‌شی ناوی میتسونۆر ئۆنۆگاوا بوو و ته‌مه‌نی 44 ساڵ بوو.
له‌وه‌ته‌ی فومیۆ كیشیدا بووه به سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌م وڵاته له‌مانگی 10ی رابردوو، ئه‌مه یه‌كه‌مینجاره سزای له‌سێداره‌دانی تێدا جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه سێجی كیهارا، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی ژاپۆن رایگه‌یاند، به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رده‌وام رودانی تاوانگه‌لی دڕندانه، جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌رپرسن له‌و تاوانانه، زۆر پێویسته، كه‌واته هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای له‌سێداره‌دان، شتێكی نه‌گونجاوه.
له‌لایه‌كی تره‌وه سه‌رۆكی یه‌كێتیی سه‌ندیكاكانی پارێزه‌رانی ژاپۆن، تاداشی ئارا، له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا به توندی له‌سێداره‌دانه‌كانی 21ی مانگی ئیدانه‌كرد.
تاداشی ئارا حكومه‌تی وڵاته‌كه‌شی هاندا كه سزای له‌سێداره‌دان هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌و سزای هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش رابگرێت كه له‌سێداره‌دانیان له‌دژ ده‌رچووه، تا كاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی سزاكه.
ژاپۆن له‌ساڵی 2019، سێ زیندانی و له 2018، پانزه زیندانی له‌سێداره‌داوه كه سیانیان ئه‌ندامی گروپی ئاینیی ئۆم شینریكیۆ بوون كه له‌ساڵی 1995 به گازی سارین هێرشێكی كوشنده‌یان كردبووه سه‌ر میترۆی تۆكیۆ.
به‌گوێره‌ی سیسته‌می ژاپۆن، ده‌یان ساڵه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م وڵاته ته‌نها چه‌ند سه‌عاتێك پێش جێبه‌جێكردنی سزاكه، واده‌ی جێبه‌جێكردنه‌كه به‌و زیندانییانه ده‌ده‌ن كه سزاكه‌یان جێبه‌جێده‌كرێت. به‌هۆی ئه‌مه‌وه له‌ئێستادا دوو زیندانی سكاڵایان له‌سه‌ر حكومه‌ت تۆماركردووه‌و ده‌ڵێن، ئه‌م سیسته‌مه نایاساییه‌و ده‌بێته‌هۆی دروستبونی ئازاری ده‌رونی.
هه‌ر ئه‌م دوانه داوای قه‌ره‌بوی 22 ملیۆن یه‌نی یابانی (194 هه‌زار دۆلار) ده‌كه‌ن، له‌پای ئه‌و ئازاره‌ی توشیان بووه به‌هۆی به‌ڕێكردنی ژیان به دڵه‌ڕاوكێیه‌وه له‌سه‌ر به‌رواری له‌سێداره‌دانیان.
هه‌ر له ژاپۆن، مانگی كانونی یه‌كه‌می 2020، دادگای باڵا بڕیاری دادگایینه‌كردنه‌وه‌ی پیاوێكی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه كه خاوه‌نی زۆرترین ماوه‌ی مانه‌وه‌یه له‌چاوه‌ڕوانی له‌سێداره‌دان، له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا. ئه‌مه‌ش هیوایه‌كی تازه‌ی بۆ ئه‌و پیاوه ته‌مه‌ن 85 ساڵه گه‌ڕانده‌وه.
ئه‌و پیاوه كه ناوی ئیواۆ هاكامادایه، پاش ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 1968 به تۆمه‌تی تاڵانكردن و كوشتنی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی و ژنی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی و دوو منداڵه هه‌رزه‌كاره‌كه‌یان، بڕیاری له‌سێداره‌دانی له‌دژ ده‌رچوو، زیاتر له‌نیو سه‌ده‌یه له‌خانه‌ی چاوه‌ڕوانیی له‌سێداره‌داندایه، به‌ڵام خودی خۆی و پشتگیریكاره‌كانیشی ده‌ڵێن، پاش لێپێچینه‌وه‌یه‌كی دڕندانه‌و نایاسایی پۆلیس كه لێدانیشی تێدا بووه، دانی به‌و تاوانه‌دا ناوه‌و به‌ڵگه‌ی كه‌یسه‌كه‌ی، دروستكراوه.
له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش، به‌گوێره‌ی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی، له‌ساڵی 2020 لانیكه‌م 483 كه‌س له‌سێداره‌دراون كه به‌سه‌ر 18 وڵات‌دا دابه‌شبون. ئه‌مه‌ش مانای وایه كه به‌ڕێژه‌ی نزیكه‌ی له‌سه‌دا 25، به به‌راورد به ساڵی پێشتر، كه‌میكردووه. به‌ڵام ئه‌م ژمارانه ئه‌و هه‌زاران حاڵه‌تی له‌سێداره‌دانانه له‌خۆناگرن كه چاودێران له‌و بڕوایه‌دان له چین جێبه‌جێده‌كرێن و داتاكانیان به نهێنی ده‌هێڵنه‌وه. هه‌روه‌ها حاڵه‌ته‌كانی كۆریای باكورو ڤێتنامیش له‌خۆناگرێت.
ژاپۆن و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ته‌نها دوو وڵاتی گروپی حه‌وت وڵاته پیشه‌سازییه‌كه‌ی جیهانن كه تا ئێستا سزای له‌سێداره‌دان جێبه‌جێده‌كه‌ن.
وه‌رگێڕانی له‌ئینگلیزییه‌وه: والی عه‌لی
AFP