قائانى بۆچى هات بۆ عێراق چى به‌سه‌در وتوه‌؟

عیراق

19/01/2022‌ 1433 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "عەرەب"ی لەندەنی ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی "سوپای پاسداران بۆ سەدر: لەدروشمی نە ڕۆژهەڵات‌و نە ڕۆژئاوا، زۆر دور مەڕۆ" بڵاوکردۆتەوەو تێیدا باسى لەوەکردوە، سوپای پاسداران بەڕونی بەلایەنە شیعییەکانی ڕاگەیاندوە، یەکگرتویی ناوماڵی شیعە هێڵی سورەو ڕێگەش بەسەدر نادات هاوپەیمانێتییەکەی بەهێنانی لایەنی تری وەک پارتی دیموکراتی کوردستان‌و کوتلە سونییەکان، فراوانبکات.


ڕۆژنامەکە لەڕاپۆرتەکەیدا کە پشتی بەچەند سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار بەستوە، ئاماژەی بەوەکردوە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسداران لەکاتی بینینی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، بەڕون‌و ڕاشکاوی پێیڕاگەیاندوە، لەدروشمی "نە ڕۆژهەڵات‌و نە ڕۆژئاوا" تایبەت بەپێکهێنانی حکومەتی تازەی عێراق زۆر دور نەڕوات‌و هۆشداریشی پێداوە بەوەی، یەکێتیی ناوماڵی شیعە هێڵی سورە لەژێر هیچ پاساوێکداو ڕێگە بەشەقکردنی نادات.

سەرچاوەکان باسیان لەوەکردوە، هاتنی قائانی بۆ عێراق ئەوە ڕوندەکاتەوە، سوپای پاسداران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دۆسیەی حەشدی شەعبی هەڵدەسوڕێنێت، ئەمەش ئەوەدەگەیەنێت، پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەلای ئێرانەوە پرسێکی ئەمنییەو هەوڵەکانی سەدر بۆ پەراوێزخستنی حەشدی شەعبیی‌و هەڕەشەکردن لەهەژمونی ئەو هێزە لەناو دامودەزگا دەوڵەتییەکاندا بۆ ئێران قبوڵنەکراوە.

بەقسەی ڕۆژنامەکە، بەشێک لەچاودێرانی دۆخی عێراقیش دەڵێن، "ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی قائانی بۆ بەغدا گوشارکردنە لەسەدر بەوەی بەهاوپەیمانێتییەکی شیعی بنکەفراوان ڕازیبێت، تاوەکو دەسەڵات لەبازنەی هاوپەیمانەکانی ئێراندا بمێنێتەوە".

باسیان لەوەشکردوە، تاران بەهەوڵەکانی سەدر بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی فراوان کە کوتلە سوننییەکان‌و کوتلەی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەخۆگرتبێت، قایل نییە.