گۆڕانکاریی گەورە لەهاوپەیمانێتییەکاندا ڕودەدات

عیراق

20/01/2022‌ 3151 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەڕلەمانتارێکی سەر بەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نوری مالیکی ئاشكرایده‌كات، "لەچەند ڕۆژی داهاتودا گۆڕانکاریی گەورە بەسەر پڕۆسەی سیاسیی‌و هاوپەیمانێتییەکانی تایبەت بەپێکهێنانی حکومەتدا دێت".


عارف ئەلموحامی پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، ئەگەرهات‌و دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندی سکاڵاکەی باسم خەشان بڕیاریدا کە تێیدا بەڵگەی ئەوەیخستۆتەڕوو، لەکاتی هەڵبژاردنی محەمەد حەلبوسی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران گەندەڵیی کراوە، ئەوە گۆڕانکاریی گەورە لەپڕۆسەی سیاسییدا ڕودەدات.

وتوشیەتی:"لەدوای ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر هەڵوێستی سیاسیی لایەنەکاندا هات، لەماوەی چەند ڕۆژی کەمی داهاتودا گۆڕانکاریی نوێ بەسەر ئەو هاوپەیمانێتیانەدا دێت کە بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دروستکراون".

دوێنی چوارشەممە، دادگای فیدراڵیی بڕیاردانی لەسەر یەکلاییکردنەوەی ئەو دوو سکاڵایەی لەلایەن هەردوو پەڕلەمانتار باسم خەشان‌و مه‌حمود مه‌شهه‌دانى دژ بەدەستەی سەرۆکایەتی نوێی پەرلەمان پێشکەشیانکردبوو، بۆ ڕۆژی 25ی ئەم مانگە دواخست.