عێراق کۆنگرەیەک بۆ بەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەکان ڕێکدەخات

عیراق

20/01/2022‌ 395 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ڕایگەیاندوە، بەمەبەستی بەرەنگاربونەوەی دیاردەی بڵاوبونەوەی مادە هۆشبەرەکان کە مەترسیدارترین دیاردە لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی هەژماردەکرێت، لەماوەی داهاتودا کۆنگرەیەکی نیشتیمانیی ڕێکدەخات.


عتور موسەوی بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاراستنی ئافرەت لەوەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی لەبەیاننامەیەکدا دەڵێت، "بڕیاردراوە کۆنگرەیەکی نیشتیمانیی بۆ بەرەنگاربونەوەی دیاردەی بڵاوبونەوەی مادە هۆشبەرەکان لەوڵاتدا سازبکرێت، بۆئەوەش هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەستن بەپرسەکانی گەنجانەوە بانگهێشتدەکرێت‌و دەرئەنجامەکانی کۆنگرەکەش لەبەرچاو دەگیرێت".

موسەی ئاماژەی بەوەشکردوە، لەکۆنگرەکەدا بانگهێشتی وەزارەتەکانی ناوخۆ، دەرەوە، دارایی، پەروەردە، وەرزش‌و گەنجان‌و وەزارەتی تەندروستیی دەکرێت، ئەوە جگە لەئەنجومەنی باڵای دادوەریی‌و نوسینگەی پارێزگارەکان، ئەویش بەو ئامانجەی بتوانرێت سنورێک بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت کە مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر وزەو ئایندەی گەنجان دروستدەکات.

بەوتەی موسەوی، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوداو لەئەنجامی خراپبونی دۆخی ئابوریی‌و ژیان‌و گوزەرانی خەڵک، زیادبونی حاڵەتەکانی لەیەکجیابونەوەی هاوسەران‌و هەڵوەشانەوەی خێزان، نەبونی دەرفەتی ڕاستەقینەی کارکردن بۆ گەنجان‌و هەڵکشانی ئاستی بێکاریی، وایانکردوە دیاردەی بەکاربردن‌و بازرگانیکردن بەو ماوەیە بەشێوەیەکی زۆر ترسناک ڕوو لەزیادبون بکات.

و: ئاکۆ ئاڵی