حكومەتی عێراق نەوتی زیادە دابەشدەكات و لە هەرێمیش لە ٧٥%ی دانیشتوان نەوتیان وەرنەگرتووە

عیراق

20/01/2022‌ 495 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند،بەهۆی سەرماوسۆڵەوە بەشە نەوتی زیادە بەسەر هاوڵاتیانی پارێزگاکانی بەغدا و کەرکوک و نەینەوا دابەشدەكرێت.

حسێن تاڵب، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی شەممەی داهاتووەوە دەستدەکرێت بە دابەشکردنی بڕێکی زیادەی نەوت لە پارێزگاکانی بەغدا و کەرکوک و نەینەوا و لەو سێ پارێزگایە هەر ماڵێک 50 لیتر نەوتی سپیی دیکەی پێدەدرێت.   

لەبارەی هۆكاری دابەشكردنی ئەو نەوتەزیادەوە وتی: ئەم کارە له‌ وه‌ڵامی داواكاری هاوڵاتیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌ختی ئه‌و شه‌پۆله‌ سه‌رمایه‌ی ڕووی له‌ناوچه‌كانیان كردووه‌.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێستا به‌شی سێیه‌می نه‌وتی سپی دابه‌شده‌كه‌ن و داواش له‌ هاوڵاتیان ده‌كات، كه‌ له‌ ڕێگه‌ی گۆڕه‌پانه‌كانی تایبه‌ت به‌ نه‌وت و غازی پارێزگاكانه‌وه‌ به‌شه‌ نه‌وته‌كه‌یان وه‌ربگرن.

دابەشکردنى نەوتی زیادە لە عێراق لەکاتێکدایە هێشتا لە ٧٥%ی دانیشتوانى هەرێمى کوردستان لەم وەزری زستان و سەرمایەدا نەوتی سپیان وەرنەگرتووە.

بەر لە هاتنى وەرزی زستان کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتیەکان رایگەیاند، نەوت بەسەر تەواوی دانیشتوانى هەرێمى کوردستان دابەش دەکەن و خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتى ئەو پرۆسەیە دەکات، بەڵام تا ئەم ساتە تەنیا لە ٢٥%ی دانیشتوانى هەرێمى کوردستان نەوتیان وەرگرتووە.

س.س