ئەردۆغان لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگی کورد دەیەوێت لەگەڵ "ئۆجەلان" دەست بە دانوستان بکاتەوە

کوردستان

21/01/2022‌ 2552 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رۆژنامەی "زەمان"ی تورکی نیازێکی ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیای بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ "عەبدوڵڵا" ئۆجەلانی ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان ئاشکرا کردووە، ئەوەش لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەرانی کورد لەهەڵبژاردنی داهاتوودا.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە لەماوەی رابردوودا ئەردۆغان لێدوانێکی جێی سەرنجیداوە بەوەی لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەرانی کورد، کە ژمارەیەکی قورسن لە هەر پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن لە تورکیادا، دەیەوێت لەگەڵ ئۆجەلاندا دانوستان بکات.

ئەردۆغان لەلێدوانەکەیدا رایگەیاندوە " ئەوەی لە ئیمرالی زیندانیکراوە" وەک ئاماژەیەک بۆ عەبدوڵلا ئۆجەلان، سزای ئەوە دەدات کە لە زیندانی ئەدرنەدایە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ سەڵاحەددین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە لە نۆڤەمبەری ساڵی 2016 وە زیندانییکراوە.

دوای ئەو لێدوانەی ئەردۆغان، عەلی کەمال ئۆزجانی ئەکادیمی بەڕەگەز کرد و نزیک لە دەزگای هەواڵگری تورکیا، کە پێشتر هەڕەشەی تیرۆرکردنی دەمیرتاشی کردبوو، وتی: جگە لە ئۆجەلان هیچ کەس ناتوانێت ژیانی دەمیرتاش رزگار بکات"، هەربۆیە داوای لە دەمیرتاش کرد ئاستەنگ بۆ ئەو "ڕێککەوتنە' درووست نەکات کە بە وتەی ئەو وابڕیارە لەنێوان ئۆجەلان و پارتی دادو گەشەپێداندا  لەپێناو چارەسەرکردنی پرسی کورددا بکرێت

پێشتر، ئۆزجان بەهەماهەنگیی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری تورکیا پەیامێکی ئۆجەلانی گواستبۆوە کە داوای لە دەنگدەرانی کورد کردبوو دەنگ بە کاندیدی پارتی دادو  گەشەپێدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی شارەوانی ئەستەنبووڵ لەساڵی 2019 بدەن، بەڵام دەنگدەرانی کورد لەسەر بانگهێشتی سەڵاحەددین دەمیرتاش، دەنگیان بە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی کاندیدی جەهەپە دا و سەریانخست.

چاودێران دەڵێن ئەردۆغان لەپێناو سەرکەوتن لەهەڵبژاردنی داهاتووی تورکیادا کار بە یەکێک لە بەهێزترین کارتەکانی دەکات، کە ئەویش ئەنجامدانی دانوستانی نهێنییە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەکەکە و دوورخستنەوەی دەمیرتاش لە پڕۆسەکە، کە لەم ڕێگایەوە دەیەوێت پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە هاوپەیمانیکردن لەگەڵ پارتە بەرهەڵستکارەکانی تری تورکیا دووربخاتەوە و دەنگی دەنگدەرانی کورد بەدەستبهێنێت.

ئەوەش هاتووە کە ئەگەر بێت و پارتە بەرهەڵستکارەکانی تورکیا کە لە پارتی گەلی کۆماریی و پارتی چاکە پێکدێن، دەنگی دەنگدەرانی پارتی دیموکراتی گەلانیان لەگەڵدا نەبێت، ئەوە ناتوانن هەڵبژاردنی داهاتوو لە رەجەب تەییب ئەردۆغان ببنەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی