وزەی پاک مەترسیی لەسەر ئایندەی ئابوریی عێراق دروست دەکات

عیراق

21/01/2022‌ 575 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای " وود ماکنزی بۆ راوێژکاریی نێودەوڵەتیی" رۆژی پێنجشەممەی رابردوو راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە هەنگاونانی جیهان بۆ گواستنەوە بەرەو وزە پاکەکان دەبێتە هۆی تاوەکو ساڵی 2050 تێکرای بەرهەمی ناوخۆیی جیهانیی بەڕێژەی لەسەدا 2 کەمببێتەوە، بەڵام لەکۆتایی ئەم سەدەیە بەرەو باشبوونەوە دەچێت.

راپۆرتەکە دەڵێت وەبەرهێنانکردن لە تەکنەلۆژیای وەک وزەی خۆر و وزەی با و پاترییە پێشکەوتووەکان یارمەتیدەرە لە درووستکردنی دەرفەتی کات، بەڵام مەزەندەش دەکرێت ئەم گواستنەوەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی هەلی کارەکان و داهاتەکانی کەرتی کارەبا و بەرهەمهێنانی وزە بەردینییەکانی وەک نەوتی خاو.

لەوبارەیەوە، پیتەر مارتن گەورە ئابووریناسی وودماکینزی دەڵێت:" ئەم کاریگەرییە نەرێنیان کورتمەودا دەبێت و لەسەر ئاستی دوور بەرهەمەکەی بەدەست دێت، بۆیە نابیت بەهیچ شێوەیەک بیر لە خاوکردنەوەی هەنگاوەکان یان راگرتنی بکەینەوە".

راپۆرتەکە دەشڵێت سوودەکانی ڕووکردنە وزە پاکەکان بریتی دەبێت لە سنووردانان بۆ قەتیسبوونی گەرمی بەڕێژەی 1.5 پلەی سەدی کە سوودەکەی بۆ زیادبوونی تێکرای بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی تاوەکو ساڵی 2050 نزیکەی 1.6 دەبێت، بەڵام دەشڵێت وڵاتانی هاوشێوەی عێراق کە یەدەگی دارایی ئەوتۆیان نییە وەبەرهێنانی گەورە لە کەرتەکانی دەرەوەی سووتەمەنییە بەردینییەکاندا بکەن، ئەوە زیاتر مەترسیی ئەوەیان دەکەوێتەسەر کە تووشی زیانی ئابووریی ببنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو ئابووریانەی بازاری سەرمایەی گەورەیان هەیە، دەتوانن بەکرداری وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیای گۆڕینی وزە بەرەو وزە پەکەکان بکەن، ئەوە لە داهاتوودا دۆخیان باشتر دەبێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی