ئەدهەم بارزانى: پێشوازیکردن لە میوان لەبارەگاکەى رادەگرێت

کوردستان

21/01/2022‌ 2480 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەدهەم بارزانى لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوە کردوە، کە بەهۆى دوو هۆکارەوە پێشوازیکردن لە میوان لەبارەگاکەى رادەگرێت.

لە راگەیەنراوەکەیدا بارەگاى ئەدهەم بارزانى رایگەیاندوە" سوپاس بۆ دڵۆڤانی خوای پەروەردگار، کە بەفرێکی زۆری بۆ وڵاتی ئێمە ناردووە و بەو هۆیەوە ڕێگاکان شەختەیان کردوە و بۆ هاتووچۆ زۆر مەترسیدارن. لە لایدیکەش زۆر بەداخەوە کە ڕێژەی توشبووان بە کۆڕۆنا تاڕادەیەکی زۆر مەترسیدار و نیگەرانکەر ڕووی لە هەڵکشان کردووە".

ئاماژەى بەوەشکردوە، بەو دوو هۆکارەی سەرەوە و بۆ سەلامەت مانەوەی هاوڵاتیان، هەموو خۆشەویستان ئاگادار دەکەینەوە، تاکوو وادە و ئاگادار کردنەوەیەکی دیکە لە بارەگای خۆی دانانیشێ و پێشوازی لە مێوانان ناکات. تکایە بۆ پارێزراو مانەوە لە هەموو نەخۆشی و روداوێک هیچ سەروەرێکی ئازیز سەردانی بارەگا نەکات.

لەماوەى رابردوودا شارپرێس لە زارى سەرچاوەیەکى نزیک لە ئەدهەم بارزانى ئاشکراى کردبوو کە مەسعود بارزانى هەڕەشەى ئەوەى لە ئەدهەم بارزانى کردوە کە چیتر پێشوازی لە خەڵک نەکات و کۆتایی بە چاوپێکەوتنەکانى بهێنێت لەبارەگاکەیدا.

ئەمرۆ هەینیش ئەدهەم بارزانى رایگەیاندوە، بەهۆی بەفرو شەختەو خراپی رێگاکان و هەڵکشانى تووشبوانى ڤایرۆسى کۆرۆنا تا ئاگادارتان دەكەینەوە ناتوانین پێشوازی لە میوانان بكەین لە بارەگای تایبەتی.