مەزڵوم عەبدی شکستهێنانی پەلامارەکەی داعش و دەستگیرکردنەوەی سەرجەم ڕاکردووەکانی ڕاگەیاند

کوردستان

21/01/2022‌ 1781 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە تویتێکدا، سەرکەوتنی هێزەکانیانی لە تێکشکاندنی پەلامارەکەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی بۆسەر گرتووخانەی "حەسەکە" و دەستگیرکردنەوەی سەرجەم ئەو چەکدارانەی داعشی ڕاگەیاند، کە لەزیندانەکە ڕایانکردبوو.


مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" لە تویتەکەیدا نوسیویەتی: داعش زۆرینەی شانە نووستووەکانی لە هەوڵێکدا بۆ ڕێکخستنی راکردن لە گرتووخانەی حەسەکە کۆکردەوە، ئەویش لەڕێگای کەسانی خۆکوژ و ئەنجامدانی سەرهەڵدانی زیندانییەکان لەناو گرتووخانەکەدا.

عەبدی دووپاتی دەکاتەوە، کە شەڕی ئەوان دژ بە داعش بەردەوامە و تا هەموو تاوانباران نەخەنە کونجی زیندانەوە ناوەستن.

بەپێی سەرچاوەکانی رۆژئاوای کوردستان، لەدوای هێرشەکەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش  هێزەکانی سوریای دیموکرات دەوروبەری گرتووخانەی "سناعە"یان لە گەڕەکی غوێرانی حەسەکە دۆرپێچ کردووە، هەروەک ئەمرۆ هەسەدە ڕایگەیاند، کە بەهۆی تێکهەڵچوونی هێزەکانیان لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، قەدەغەی تەواوەتیی هاتووچۆیان لە شارەکە ڕاگەیاندووە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی