ساڵح موسلیم نهێنیەکی مەترسیدار لەبارەی هێرشی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرادەکات

کوردستان

22/01/2022‌ 2682 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ساڵح موسلیم ڕایدەگەیەنێت، هێرشەکەی داعش لە حەسەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ڕێکخراوە و وتی: ئەم هێرشە بەشێوەیەکی ڕێکخراو ئەنجامدراوە و لە ئاستانەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە.

ساڵح موسلیم، ئەندامی هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی پەیەدە لەبارەی هێرشەکەی دوێنێ داعش بۆ زیندانی غوێران-ی حەسەکە بە ئاژانسی فوراتی ڕاگەیاندووە: شانە نووستووەکانی داعش لە ناوچەکە، هەموو پێداویستییە سەربازیی و لۆجستییەکانیان لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی سوپای تورکیا و عێراقەوە پێدەگات، بۆیە دیارە کە ئەوان دەستیان لەم هێرشەدا هەیە، وا تێدەگەین کە ئاماژەیەکە ئامادەکاریی بۆ ئەم هێرشە دەکرێت.

ساڵح موسیلم ئەوەشی ئاشکراکرد، کە مانگێک بەرلەئێستا هێزەکانی هەسەدە لە ئۆپەراسیۆنێکدا سەرکردەیەکی داعشیان دەستگیرکردووە، ئەو سەرکردەیە پیلانەکەی ئاشکراکردووە و دانی بەوەدا ناوە، کە پیلانیان هەبووە بە ئۆتۆمبێلی بۆبمڕێژکراو هێرشبکەنە سەر زیندانەکە و دواتر بچوونایەتە ژوورەوە و داعشەکانیان لەو زیندانە دەربکردایە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو ئەندامەی هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی پەیەدە ئاماژەی بە دانووستانەکانی ئاستانە و دژایەتییکردنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و وتی: لە دانووستانەکانی ئەمدواییەی ئاستانە ١٠ خاڵ گفتوگۆیان لەسەر کراوە، کە هەشت خاڵیان پەیوەندییان بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە هەبووە، ئەم ناوچانە وەک ناوچەی تیرۆر ناوزەند کراوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی کراوە، بۆیە ئەم ڕووداوانەی کە لە ڕۆژئاوا ڕوودەدەن سەرجەمیان لە چوارچێوەی ئەو پیلانگێڕییەدان بۆ تێکدانی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان.

ساڵح موسلیم جەختیشیکردەوە، "کە دەبێت هێزە نێودەوڵەتییەکان مەترسییەکانی داعش لەبەرچاو بگرن و وتی: ئەگەر دەستگیرکراوانی داعش هەڵبێن، کە ژمارەیان دەیان هەزار چەتەیە، ئەوە گەورەترین کاریگەریی لەسەر وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات، ئەگەر بەڕاستی هێزە نێودەوڵەتییەکان دەیانەوێت کۆتایی بە مەترسیی داعش بهێنن، دەبێت لەدژی ئەو هێزانە بن کە پشتیوانی داعش دەکەن".