سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر
به‌هۆی ئابلوقه‌دانی گه‌ڕه‌كه‌كانی ئه‌شره‌فیه‌و شێخ مه‌قسودو ناوچه‌ى (شه‌هبا) له‌حه‌له‌ب، هێزه‌كانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان بنكه‌و باره‌گاكانی رژێمی سوریایان له‌ناوه‌ڕاستی قامیشلۆ ئابلوقه‌داوه‌و ئه‌گه‌رى روبه‌رووبونه‌وه‌ى چه‌كداریش هه‌یه.
چه‌ند رۆژێكه باره‌گاكانی رژێم له‌ناوه‌ڕاستی قامیشلۆ كه به‌چوارگۆشه‌ى ئه‌منی ناسراوه به‌ته‌واوی ئابلوقه‌داوه‌و رێگاى هاتن و چوونیان به‌ته‌واوی لێگیراوه، ئه‌م هه‌نگاوه‌ى رێڤه‌به‌رى به‌رامبه‌ر ئابلوقه‌دان و ئاسته‌نگ دروستكردنه بۆ كوردانی نیشته‌جێى پارێزگاى حه‌له‌ب له‌لایه‌ن رژێمی سوریا كه چه‌ند مانگێكه به‌رده‌وامه.
ئه‌مه جارى یه‌كه‌م نییه گرژی و روبه‌رووبونه‌وه له‌نێوان ئاسایشی رێڤه‌به‌رى خۆسه‌رو رژێمی سوریا له‌ناوه‌ڕاستی قامیشلۆ رووبدات، به‌ڵام هه‌رجارێك روویدابێت سنورى بوونی رژێم به‌رته‌سككراوه‌ته‌وه‌و ناوچه‌ى زیاتریان لێ وه‌رگیراوه‌ته‌وه. بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره روبه‌رووبونه‌وه ببێت ئه‌وا یان سنوره‌كه‌یان به‌ته‌واوی لێ به‌رته‌سكده‌كرێته‌وه، هه‌روه‌كچۆن له 2021 له‌گه‌ڕه‌كی (ته‌ى) كه ده‌كه‌وێته ناوه‌رٍِاستی قامیشلۆ به‌یه‌كجار وه‌ده‌رده‌نران.
ئێستا رژێمی سوریا له‌سنورى شاری قامیشلۆ له‌ناوه‌ڕاستی شار له‌ناوچه‌یه‌كی به‌رته‌سكی دیاریكراو و له‌ناو فرۆكه‌خانه‌ى قامیشلۆ بوونیان هه‌یه. خۆ ئه‌گه‌ر روبه‌رووبونه‌وه له‌نێوان رژێمی سوریا‌و هێزه‌كانی ئاسایش و سوریاى دیموكرات چه‌ند ئه‌گه‌رێك هه‌یه:
له‌لایه‌ن رێڤه‌به‌رى خۆسه‌ر له‌قامیشلۆ سنورى باره‌گاكانی رژێم زۆر به‌رته‌سك ده‌كرێنه‌وه یاخود له‌ناو شار به‌ته‌واوی وه‌ده‌رده‌نرێن و هێزو داموده‌زگاكانی رژێمی سوریا ته‌نها فرۆكه‌خانه‌ى قامیشلۆ ده‌مێننه‌وه.
له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌گه‌ر رژێمی سوریا له‌ناو قامیشلۆ وه‌ده‌ربنرێن ئه‌وا، ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه رژێمی سوریا فشاری زیاتر بخاته سه‌ر كورد له‌ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی خۆی له (شێخ مه‌قسود و ئه‌شره‌فیه‌و شه‌هبا) له‌به‌رى رۆژئاوای فورات، له‌وانه‌یه كورد روبه‌رووی گرتن و راگوێزان و فشاری دیكه بكاته‌وه‌و ئازاریان بدات.
پرسیاری گرنگ بۆ ئێمه‌مانان ئه‌وه‌یه بۆچی رژێمی سوریا له‌م كاته‌دا له‌ناوچه‌كانی ژێر ركێفی خۆی فشاری له‌سه‌ر كورد دروستكردووه؟ هیچ ئه‌جێندایه‌كی ده‌ره‌كی له‌پشت ئه‌و جموجۆڵانه‌ى رژێمی سوریا هه‌یه؟ یاخود رژێمی سوریا هه‌ست به‌دۆخێكی نوێ له‌ناوخۆو ناوچه‌كه ده‌كات بۆیه ده‌یه‌وێ گۆمه‌كه بشله‌قێنێت!
یه‌كێك له‌ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه كه رژێمی سوریا دواى ئه‌و نزیكبونه‌وانه‌ى له‌ئیماراتی عه‌ره‌بی و هه‌وڵدانی چه‌ند وڵاتێك بۆ گێڕانه‌وه‌ى رژێمی سوریا بۆ نێو كۆمه‌ڵه‌ى وڵاتانی عه‌ره‌بی و جۆرێك له‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، دیمه‌شق هه‌ست به‌ده‌رفه‌ت ده‌كات بۆ فشار دروستكردن له‌سه‌ر ئه‌مریكاو كورد له‌رۆژئاوای كوردستان و له‌ڕێگه‌ى روسه‌كانه‌وه.
ئه‌گه‌رێكی دیكه بریتیه فشاری ئێران یان روسیا له‌ڕێى رژێمی سوریاوه بۆسه‌ر ئه‌مریكا، چونكه هه‌م ئێران له‌عیراق خه‌ریكی جموجۆڵی نوێیه به‌هۆی چه‌قینی حكومه‌تی عیراق، هه‌میش روسیا له‌شه‌ڕێكی تونده له‌گه‌ڵ ئۆكراین كه ئه‌مریكا پشتیوانی ده‌كات، به‌ڵام به‌پێى لۆژیك و ئه‌زموونی چه‌ند ساڵه، ئه‌م هه‌وڵانه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون چه‌ند جارێك تاقیكراوه‌ته‌وه. هه‌رجارێك گرژی دروستبوبێت رژێمی سوریا له‌ناو قامیشلۆو حه‌سه‌كه ناوچه‌كانی زیاتر لێ كۆنترۆڵكراوه‌و دوورخراوه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌مجاره هه‌م ئێران و هه‌میش روسه‌كان ترسیان هه‌یه رژێمی سوریا له‌ناو قامیشلۆ به‌ته‌واوی وه‌ده‌ربنرێن! خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه رووبدات ئه‌وا هه‌م كارتی فشاری رژێمی سوریایان له‌ده‌ست ده‌چێت و هه‌میش روسه‌كان گرفتی دیكه‌یان بۆ دروستده‌بێت ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ى مانه‌وه‌یانه له‌به‌ری رۆژهه‌ڵاتی فورات كه ئێستا تا مه‌فره‌زه‌كانیان به‌ناوی چاودێری سنور تا قامیشلۆ ده‌توانن جموجۆڵ بكه‌ن.
یه‌كێكی دیكه له‌ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه كه رێڤه‌به‌رى خۆسه‌ر نه‌وت یاخود سوته‌مه‌نی نانێرێت بۆ به‌رى رۆژئاوای فورات یان ئه‌و ناوچانه‌ى ژێر ركێفی رژێمی سوریا، بۆیه دیمه‌شق له‌ڕێى دروستكردنی فشار له‌سه‌ر كورده‌كانی ژێر كۆنترۆڵی خۆی ده‌یه‌وێت فشار له‌سه‌ر رێڤه‌به‌رى خۆسه‌ر دروستبكات.
ماوه‌ته‌وه بڵێین له‌دوێنێوه فشار‌و ئابلوقه‌ى سه‌ر هاتن و چوون و مانه‌وه‌ى سه‌ر بنكه‌و باره‌گاو هێزه‌كانی سوریا له‌ناوه‌ڕاستی قامیشلۆ زۆر زیاتركراوه، تاكه لایه‌ن كه بتوانێت نێوانگری رژێمی سوریا‌و رێڤه‌به‌رى خۆسه‌ر بكات روسه‌كانن له‌سوریا، هه‌ر ئه‌وان په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ هه‌ردولایه‌ن هه‌یه. ئه‌گه‌ر روسه‌كان نه‌توانن گفتوگۆ رێكبخه‌ن و چاره‌سه‌رى ئه‌م گرفته بكه‌ن، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌مجاره رژێمی سوریا له‌ناو قامیشلۆ روبه‌رووی به‌رته‌سككردنه‌وه‌ى زیاتری جموجۆڵ ده‌بێته‌وه‌و كوردیش له‌ناوچه‌كانی حه‌له‌ب روبه‌رووی گرفت ده‌بنه‌وه.