دووبارە پەنجەكانی توركیا بۆ سەر پەكەكە

مەلەفی تایبەت

18/04/2022‌ 3260 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شنۆ هیرانی
سەرەتا و بەر لەوەی بچمە سەر بابەتەكە پێم باش بوو كورتەیەك لە زنجیرە ئۆپراسیۆنەكانی دەوڵەتی توركیا كە بەناوی ئۆپراسیۆنەكانەی( پەنجە) بۆ سەر هێزەكانی پارتی كرێكاریانی كوردستان پەكەكە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بۆ خوێنەران باس بكەم.

"ئۆپراسیۆنەكانی پەنجە: بریتییە لەدرێژەی جموجۆڵە سەربازیەكانی سوپای تورکیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دژ بە پەكەكە. ئۆپراسیۆنی پەنجە-1 و ئۆپراسیۆنی پەنجە-2 هەروەها ئۆپراسیۆنی پەنجەی پڵنگ بەچوار قۆناغ بەردەوامی هەبوو. ئۆپراسیۆنی پەنجەی هەڵۆش ئەو ئۆپراسیۆنەبوو كە بەفڕۆكە بۆردومانی كەمپی مەخمور و شنگال بوو. شایەنی باسە سوپای توركیا  لەمێژووی ڕووبەڕووبونەوەی لەگەڵ پەكەكە بۆ جاری یەكەم لەم ئۆپراسیۆنانەدا مووشەكی( بالیستی )بەكار هێناوە.
ئۆپراسیۆنی پەنجە-1 لە28مایسی 2019
پەنجە-2لە13تەمووزی 2019
پەنجە -3 لە13مارسی2020
پەنجەی هەڵۆ درێژەدەری پەنجە-3 لە15 حوزەیرانی 2020
پەنجەی پڵنگ11ی ئابی 2020هەروەها لە10شوباتی 2021 دووبارە بەناوی پەنجەی پڵنگ سوپای توركیا ئۆپراسیۆنێكی ئەنجامدا.
پەنجەی بروسك لە24نیسانی 2021
دواین ئۆپراسیۆنیش بەناوی پەنجەی قوفڵ 18نیسانی 2022. 

هێزە سەربازیەكانی توركیا لە17 نیسان ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوانیان لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان دژ بە هێزەكانی پەكەكە دەست پێكرد. ئەو ئۆپراسیۆنە كە بە(كلیت- پەنچە... ماناكەی بەپێی زمانەوانی توركی بەمانەی وەشانی بۆكس دێت یاخود چرنوك، بەڵام بەزمانی عەرەبی واتا (القبچە مغلقە، او مخالب مخلقە) چونكە ووشەی (كلیت) بەتوركی بەمانای كلیل نایەت، بەڵكو بەمانای قۆفڵ دیت) 

بەپێی لێدوانە سەرەتایەكانی وەزیری پاراستنی توركیا خولسی ئاكار: جموجۆڵی سوپای توركیا لەسەر سنورەكانی نێوان توركیا عێراق، بەدیاركراوی ناوچەكانی مەتینان، زاپ، ئاڤاشین- باسیان بۆ سەر بنكەكانی پەكەكە دەستیان پێكردوە. هەر لەچوارچێوەی لێدوانەكانی ئاكار هاتووە كە توركیا ئامانجی لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكەی بۆ ئەوناوچانە تەنها لەناوبردنی پەكەكە نیە، بەڵكو دەست بەسەرداگرتنیشە. بەپێی ڕونكردنەوەكانی وەزارەتی دیفاعی توركیا ئەم ئۆپراسیۆنە بەبەشداری یەكینەكانی هێزە تایبەتیەكان بەناوی كۆماندۆكانی( بۆردۆ بارەلی) ( كە ئەم هێزانە هێزی فیدای سوێندخواردن بە سوێندی وەفا و گیان فیدایی بۆ توركیا.. ) ئەنجام دەدرێت.

ئەم ئۆپراسیۆنەی توركیا ماهیەتی لەڕووی سیاسی و سەربازی و هەروەها زەمان و زەمینەكەی چ واتاێكی هەیە بۆ توركیا؟
لێرەدا چەند خاڵكی گرنگ هەیە كە پێویستە ئاماژەیان پێ بدەین. كە یەكەمیان دووا خستنی ئۆپراسیۆنەكەیە، كە بڕیاربوو لە15 مارسدا ئەنجام بدرێت، بەپێچەوانەوە بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو لەمانگی رەمەزاندابوو. چونكە لەوپێش وەزارەتی دیفاعی توركیا  و وەزیرەكەی بەووشەیەكیش ئاماژەیان بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی لەم شێوەیە نەدابوو. لەرووی سەریازیشەوە توركیا لە11بۆ 21 نیسان سەڕەڕای بوونی شەڕی نێوان روسیاو ئۆكرانیە بەنیازی ئەنجامدانی مانۆڕێكی سەربازی فراوانە لەسەر دەریا( ئیجە) و خۆرهەڵاتی (دەریایی سپی) بە بەشداری 122 كەشتی دەریایی سەربازی 41 فڕۆكەو هەلیكۆپتری سەربە هێزە دەریایەكانی توركیا بەناوی( مانۆرێ نیشتیمانی شین).

خاڵێكی تریش ئەوەیە كە توركیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئیلتزامی بە یاسا نێودەوڵەتیەكانەوە نەكردوە بەوەی كە پرسی بە دەوڵەتی عێراق نەكردوە لەبەزاندنی خاكەكەی،كە ئەمەش ئەگەری لێكەوتنەوی ئاڵۆزی دیبلۆماسی لەگەڵ عێراقدا هەیە بەو پێیەی هێشتا حكومەتی عێراق لەم بارەیە هیچ ئاماژەیەكی بە رەزامەندبوونی دەوڵەتی عێراق نەداوە بۆ ئەنجامدانی ئەم ئۆپراسیۆنە. توركیا هەلی سەرقاڵبوونی جیهانی بەشەڕی نێوان روسیاو ئۆكرانیا قۆستۆتەوە، لەلاێكیتریش هەوڵە دبلۆماسیەكانی توركیا بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئۆكرانیا ئەو قەناعەتەی بەتوركیا كردووە كە وڵاتانی خۆرئاوا چاوپۆشی لێدەكەن.

خاڵێكیتریش پەیوەستە بە پرسی هەڵبژاردنەكانی ناوخۆی توركیاوەیە.
بەیپێ سەرچاوە هەواڵیەكانی توركیا لە ساڵی پار لەهەمان ئەم كاتەدا توركیا ئۆپۆاسیۆنێكی هاوشێوەی لەناوچەی(گارا) ئەنجام دابوو. ئۆپراسیۆنەكە دەرئەنجامی خراپی لێكەوتبۆوە زیاتر ببوە هۆی ئاڵۆزی ناوخۆی بەو پێیە ژمارەیەک لەسەربازانی توركیا بەدیلی كەوتبوونە دەست هێزەكانی پەكەكەو بۆ رزگاركردنی دیلە سەربازەكان ناچاربوو دووبارە سوپا بۆ ئەم ناوچەیە ڕەوانە بكاتەوە سەر ئەنجام 13 سەربازی توركیا دەكوژرێن و كە ئەمەش حكومەتەكەی ئەردۆغانی لەبەردەم ڕایگشتی وڵاتەكەی شەرمەزار كرد. هەر بەم هۆكارەش سەرككۆمار ئەردۆغان ئۆپراسیۆنەكە بە( شكست) هەڵسەنگێنێ.

ئەردۆغان و ئاكارو سۆیلو، سێكوچكەی بەرێوەبردنی دەوڵەتی توركیا لەپلانی ئەمجارەیان بەشداریان بە ئۆپۆزسیۆنیش كرد. بەپێی ئەو هەواڵانەی لەمیدیا فەرمی نافەرمیەكانی توركیا بڵاوكراونەتەوە ئەمجارە حكومەت بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەر پەكەكە پرسی بە كەمال كڵچدار ئۆغڵو سەرۆكی پارتی جەهەپەو مەراڵ ئاكشەنەری سەرۆكی ئیی پارتی و چەند پارتێكی تر كردوە لە نێوەشەوی 16 لەسەر17 بەتێكڕایی ئۆكەیان بۆ خلوسی ئاكاركردوە بۆ دەستپێكردنی. 
خاڵكی ترو لەهەمووشیان گرنگتر پرسی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردن كە پرسێكی گەرمی ناوەندە سیاسی و ڕاگەیاندنەكانی توركیایە و بێگومان پاییەکی سەرەكی لە ئەنجامدانی هەرجوڵەیەكی سیاسی و سەربازی لە ئێستادا لەتوركیا هەبە.
ئاكپارتی بڕوایی وایە چەند پەكەكە لاوازبێ، ئەوەندە زەمینەی بردنەوەی لە هەڵبژاردنەكان بۆ فەراهەم دەبێ. چونكە پەکەکەیەكی لاواز لەڕووی هێزی چەكدارییەوە یەكسانە بە هەدەپێكی لاواز لەڕووی رێكخستنی جەماوەریەوە. ئەگەر بگەرێنەوە دواوە شەڕی دژی داعش و بەتایبەتی شەڕی كۆبانی توانی 9 ملیۆن دەنگ بۆ سەلاحەدین دەمریتاش لە كێبڕكێی سەرۆكایەتی كۆمار دەستەبەر بكاتو لەهەمان كاتیشدا هەدەپە كە هەموو گریمانەكان ئەوەبوون كە نەیتوانی بەربەست%10 هەڵبژرادنەكان تێپەڕبكات توانی 13 بۆینت شتێك دەستەبەربكات. چونكە تەنها لەم شەڕە هێزەكانی یەپەگە نزیكە20 هەزار شەهیدیان دا كە ئەمەش وایكرد سەرەتا ئەمریكاو پاشان روسیاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاشەكشەی بكەن لە پشتیوانیكردنی توركیا.

چاودێرانی سیاسی لەتوركیا دەڵێن ئۆپەراسیۆنی( پەنچە- كلیت) كە درێژەدەری زنجیرە ئۆپراسیۆنەكانی ئەم چەند ساڵەی دوای لەژێر ناوی ( پەنچە)  و هەر ئۆپراسیۆنێكیش پاشكشەیەكی پیوە دەكەن هێشتا لەسەرەتا دایە. بەو هۆیەشەوە بۆ ئەوەی لێكدانەوە هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی بۆ بكرێت پێویستە چاوەڕوانی دەرئەنجامەكانی بین. لە دوو رۆژی داهاتوو كاردانەكان دەبینین. بەڵام هەموو ئاماژەكان دەچنەوە سەر ئەوەی كە ئەم جوڵە سەربازیەی  توركیا سەری ئەو هەوڵانەی دەخوا كە بەناوی پاراستنی ئاشتی و چارەسەر قەیرانی ئۆكرانیا لەچوارچێوەی هاوپەیمانی ناتۆ دەیدات. چەنكە ئەمریكا هێشتا دەستبەرداری پەكەكە نەبووە لەناوچەكە.