بەچیدا بزانین ژانەسەرەکەمان مەترسیدارە؟

تەندروستی

29/04/2022‌ 458 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

دەکرێت ژانەسەر لەهەرکاتێک و لە هەر بەشێکی سەردا ڕووبدات، ڕوودانیشی رەنگە نیشانەی ماندووبوون، گوشارە دەروونیی و سۆزدارییەکان یان تێکچوونێکی پزیشکیی بێت وەک نیوە لاسەرئێشە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و دڵەڕاوکێ یان خەمۆکیی.


لەوبارەیەوە، گەمیلیا یۆسۆپاڤا پزیشکی نەخۆشییە دەمارییەکان نیشانەکانی ئەو ژانەسەرانەی بەمەترسیی هەژمار دەکرێن دیاریکردووە و جەختیشی کردۆتەوە، کە لەکاتی تێبینیکردنیان نابیت پشتگوێ بخرێن.

یۆسۆپاڤا ئاماژەی بەوەکردووە، کە پزیشکان و زانایان ئەمرۆ کار لەسەر دیاریکردنی ئەو جۆرە ژانەسەرانە دەکەن کە بە مەترسیی هەژمار دەکرێن.

هەروەک وتویەتی: لەمەترسیدارترین ئەو ژانەسەرانە بریتییە لە ڕوودانی گۆڕانکاریی لە جۆری ئازاری ئەو ژانەسەرەی کەسێک ماوەیەکی زۆرە بەدەستییەوە دەناڵێنێت یان دەرکەوتنی ژانەسەرێکی توند لەدوای تەمەنی 50 ساڵی یاخود ئەو ژانەسەری بۆچەند هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.

بەوتەی یۆسۆپاڤا، ئەو نەخۆشانەی پێشتر توشی شێرپەنجە یان ئایدز یان حاڵەتی نەمانی سیستەمی بەرگریی بوون، دەبێت لەکاتی دەرکەوتنی ژانەسەردا گرنگییەکی تایبەتی پێبدەن و بەهیچ شێوەیەک پشتگوێی نەخەن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی