ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی: ساڵ‌و نیوی داهاتوو ئەوروپا بەدۆخێکی سەختدا تێپەڕ دەکات

جیهان

02/05/2022‌ 729 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆی هەڕەشەکانی ڕوسیا بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی غازی سرووشتیی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەگەربێت‌و ئەو وڵاتانە بەهای غازەکە بەدراوی نیشتیمانیی ڕوسیی (ڕۆبڵ) نەدەن، ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی پێشبینیکردووە، بەهۆی نەبوونی جێگرەوەی ئەو سەرچاوە سروشتییەی ڕوسیا، وڵاتانی ئەوروپا ساڵ‌و نیوی داهاتوو زۆر بەسەختی تێپەڕێنن.


ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا دەڵێت:"ساڵ‌و نیوی داهاتوو جا هەر سیناریۆیەک لەئارادابێت، ئەوە سەبارەت بەئەوروپا زۆر سەخت دەبێت، بەوپێیەی ئەو وڵاتانە هیچ جێگرەوەیەکی تەواویان بۆ غازی سروشتیی لەبەردەستدا نییە ئەگەرهات‌و ڕوسیا هەناردەی غازی سروشتییان لێ ڕابگرێت".

ئەوەش هاتووە، "بەنزیکەیی هەر سیناریۆیەک لەئارادابێت، ئەوە ماوەی 18 مانگی داهاتوو بەلای ئەوروپاوە سەخت‌و بەئازار دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاریگەریی بەرزی نرخەکانی وزە لەسەرتاسەری جیهاندا دەردەکەوێت، ئەوەش لەکاتێکدا حکومەتی وڵاتانی جیهان هەوڵدەدەن بۆ کارپێکردنی کارگەو کارخانەکان‌و گەرمکردنەوەی ماڵان پەنا بۆ وزەی کارەبا بەرن‌و پشتیوانی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباشیان بکەن".

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوەشداوه‌، لەئایندەیەکی نزیکدا ئەوروپا هیچ جێگرەوەیەکی تەواوی لەبەردەستدا نابێت کە لەزستانی داهاتوودا بتوانێت خۆی لەئاکامە ئابوورییە جیدییەکان ڕزگار بکات، ئەویش ئەگەرهات‌و ڕوسیا هەناردەکردنی غازی سرووشتیی بۆ ئەوروپا راگرت.

لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا لێدوانی ئیدوارد چوو، پسپۆڕی بواری وزەی لەناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان لەواشنتۆن گواستۆتەوە کە وتویەتی:"ڕوسیا ئێستا یارییەکی مەترسیداردەکات، ناشزانرێت بابەتەکە چۆن کۆتایی دێت، بەڵام من پێموایە قەیرانەکە بەلای ڕوسیاو ئەوروپای ڕۆژئاواشەوە بەشێوەیەکی خراپ کۆتایی دێت".

بەپەلە