خەم و دڵەراوکێی دایک لەکاتی دووگیانیدا کاریگەریی لەسەر مێشکی کۆرپەلە دەبێت

تەندروستی

03/05/2022‌ 432 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پزیشکیی ئەوەی سەلماندووە کە زیادبوونی خەمۆکیی و دڵەڕاوکێی دایک لەکاتی دووگیانیدا کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر گۆڕینی خەسڵەتە سەرەکییەکانی مێشکی کۆرپەلە، بەشێوەیەک لەتەمەنی 18مانگییەوە گەشەی زانینەکیی منداڵەکە لاواز دەبێت.

ئەو لێکۆڵینەوەیە کە تۆڕی پزیشکیی "گاما"بڵاویکردۆتەوە و لە نەخۆشخانەی نیشتیمانیی منداڵان لە ویلایەتی میشیگانی ئەمەریکا ئەنجامدراوە دەڵێت: گوشاری دەروونیی بەردەوامیش لەدوای لەدایکبوونی منداڵ، کاریگەریی دەبێت لەسەر کاردانەوەی نێوان دایک و کۆرپەکەی.

ئەوەش هاتووە: گوشارە دەروونییەکانی وەک خەمۆکیی و دڵەڕاوکێ لەکاتی دووگیانیدا کاریگەریی لەسەر مێشکی کۆرپەلە دەبێت، ئەمەش بەشێوەیەکی نەرێنیی رەنگدانەوەی لەسەر رەفتارەکانی منداڵەکە لە دووساڵی یەکەمی تەمەنیدا دەبێت.

لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە تەنانەت سەبارەت بەو ئافرەتانەی کە دۆخی دارایی و کۆمەڵایەتییشیان زۆر باشە، ئەوە گرفتە دەروونییەکان کاردەکاتە سەر گۆڕانکاریی لە پێکهاتە و زیندە کیمیای مێشکی کۆرپەلە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی