شارپرێس دوا زانیاریی له‌باره‌ى پێكدادانى یه‌به‌شه‌و سوپاى عێراق ئاشكراده‌كات

ڕاپۆرت

03/05/2022‌ 9230 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نزیکەی سێ هەزارو 500 ئێزدى له‌شنگال‌و ده‌وروبه‌رى ئاواره‌بوونه‌وه‌و له‌ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌كانى ئه‌مڕۆى یه‌به‌شه‌و سوپاى عێراقیش، سه‌ربازێكى عێراقى كوژرا، پارتیش په‌یامێكى له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌و باسى لوت شكانى میلیشیاكان ده‌كات‌و چالاكوانانى ئێزدیش ڕه‌خنه‌ى توند له‌پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌گرن، سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه‌ باسى دۆخى ئێستاى كۆمه‌ڵگه‌ى سنونێ ده‌كات‌و ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌، "سوپاى عێراق نه‌یتوانیوه‌ بچێته‌ سنونێوه‌".


لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا قەزای شنگال بەهۆی گرژیی‌و بەیەکدادانی نێوان یەکینەکانى بەرگرى شنگال (یەبەشە)و هێزەکانی سوپای عێراق بەتایبەت لیوای 72، بەدۆخێکی ئەمنیی گرژدا تێپەڕیکردو بەهۆیەوە سەدان خێزان بەئاڕاستەی قەزای شێخان‌و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان ئاوارەبوونەوە.

به‌رده‌وام فڕۆكه‌ به‌سه‌ر شنگالدا ده‌سوڕێته‌وه‌
غانم خەلیل چالاکی ئێزیدی ئاماژە بەوەدەکات ڕێگاکانی هاتن بەرەو قەزای شنگال سەرجەمیان گیراون، بەردەوامیش فڕۆکە جەنگییەکان بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە، سوپای عێراقیش لەدەروازەکانی شارەکەو ڕێگاکانی چوون بەرەو ناحیەی سنوونێ بڵاوەیان پێکراوە.

بەوتەی خەلیل، دۆخی ئەمنیی ناوەندی قەزای شنگال سەقامگیرەو سوپای عێراق کۆنترۆڵی ئەمنیی شارەکەی بەدەستەوەیە، بەڵام رووداوەکان زیاتر لەناحیەی سنوونێ‌و کۆمەڵگەی خاناسۆرو کۆمەڵگەی حەتین دەگوزەرێن، کە سەرجەمیان دەکەونە پشتی چیای شنگال‌و بەئاراستەی هێڵی سنووری لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان.

نێوه‌ندگیرییكردن ده‌ستى پێكرد
سەرچاوەیەکی ئەمنییش لەناو شنگالەوە باس لەوەدەکات، لەچەندین لاوە هەوڵی نێوەندگیریی لەنێوان سوپای عێراق‌و یەبەشە دەدرێت، بەتایبەت پیاوانی ئایینی‌و ڕیش سپیی‌و کەسایەتییەکانی شنگال‌و نەینەوا بەگشتیی هاتوونەتە سەرخەت.

سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى ده‌گاته‌ شنگال
باس لەوەشدەکرێت، فالح فەیازی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەگاتە ناوچەکەو سەرپەرشتیی دۆخی ناوچەکە دەکات.

ئێزدیه‌كان ئاواره‌بوونه‌وه‌
له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ ماجید سەید ساڵح جێگری پارێزگاری دھۆک بەمیدیاكانی پارتی وتووه‌، "تائێستا زیاتر لە 600 خێزانی شنگال کە نزیکەی سێ هەزارو 500 کەس دەبن بەھۆی ئاڵۆزییەکانی ئه‌و سنووره‌وه‌ ئاوارەبوون‌و گەیشتوونەتە سنووری پارێزگای دهۆک".

هەر لەوچوارچێوەیەدا سەرچاوەیەکیش لەناوچەکە باسی لەوەکرد، ئه‌و خێزانانه‌ لەناوچەی سنوونێ‌و خاناسۆر بەئاراستەی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون، بەڵام ئەم بەیانییە بەهۆی وەساتنی شەڕەکان‌و بوونی هەوڵی نێوەندگیریکردن پڕۆسەی ئاوارەبوونی خەڵک وەستاوە.

ڕۆڵی پارتی لەو ڕووداوانەدا چییە؟
سەعید بەتووش سەرۆکی پارتی پێشکەوتنی ئێزیدی ئاماژە بەوەدەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکەو درووستکردنی فیتنەو ئاژاوە لەناو قەزای شنگال‌و ناوچەکانی دەوروبەری دەدات.

هەروەک وتویەتی:"پارتی دەیەوێت پێشمەرگەو ئاسایشی خۆیان بگێڕنەوە بۆ ناوچەکەو ئەو ڕێککەوتنەی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ بەغدا کردوویانە جێبەجێی بکەن، ئەوەشی ئێستا دەگوزەرێت باشترین رێگایە بۆئەوەی بڕوا بەڕای گشتیی‌و ئێزدییەکان بهێنن بۆئەوەی هێزە ئەمنییەکانی خۆیان بۆ ناوچەکە بگێڕنەوە".

باسی لەوەشکردووە، پارتی‌و میدیاکانی سەر بەو حزبە هەوڵی گەورەکردنی ڕووداوەکان‌و درووستکردنی هەواڵی هەڵبەستراو دەدەن، لەکاتێکدا دەبوو حکومەتی عێراق لەو پرسەدا ژیرانەتر مامەڵەی کردبایە.

بەدرۆخستنەوەی چەواشەکارییەکان
فەهد حامید سیاسیی ئێزدی لەلێدوانێکدا بەمیدیا عێراقییەکانی وتووە، :ئەوەی پارتی بانگەشەی بۆدەکات گوایە هێزەکانی به‌رگرى شنگال لەبەرژەوەندی پارتی کرێکارانی کوردستان پڕۆسەی کوشتن‌و ڕفاندنی منداڵان‌و بەسەربازگرتنی کچان ئەنجامدەدەن دوورە لەراستییەوە".

حامید دەشڵێت:"ئەو بانگەشانە سەرلەبەریان درۆن‌و هیچ راستییەکیان تێدا نییە، ئەوەشی ڕوودەدات فیتنەیەکە پێشتر لەلایەن پارتییەوە پلانی بۆ داڕێژراوە، لەکاتێکدا پێشتر خۆیان لەچاوترووکانێکدا خەڵکی شنگالیان جێهێشت‌و چارەنووسی خستنە بەردەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش".

جەختیشیکردۆتەوە، "خەڵکی بێلایەن دەتوانن بێنە شنگال‌و ڕاستییەکان لەنزیکەوە بزانن".

پارتى چى وت؟
هاوكات لقی حەڤدەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەدا، "پێویستە هەرچی زووتر زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بڕەخسێندرێت‌و شنگال بۆ خەڵكی ڕەسەنی شنگال بگەڕێتەوە، پارتی ناشتوانێت چیتر چاوەڕێی ئەوەبێت خەڵكی شنگال لەژێر هەڕەشەو كوڵەمەرگی‌و ئاوارەییدا بژیێت‌و یاری بەچارەنووسیان بكرێت".

لقی حەڤدەی پارتی لەڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، "هەمولایەك ئەو ڕاستییە باشدەزانن كە بەهۆی داواو ویستی خەڵكی شنگال، پارتی لەشنگال پاشەكشەیكرد، ئەگینا چۆن پارتی لەپردێ‌و سحێلا لوتی چەكدارو میلیشیاكانی شكاند، ئەوەهاش دەیتوانی لوتی دەستدرێژیكاران‌و چەكدارە قاچاخچیەكان لەشنگال بشكێنێت".

دۆخه‌كه‌ به‌چى گه‌یشت؟
بەیانی ئەمڕۆ، شاندێكی باڵای سەربازی عێراق کە پێکهاتبوون لەهەریەک لەعەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا سەرۆکى ئەرکانى سوپاى عێراق‌و عەبدولئەمیر شەمەری جێگیری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان‌و قاسم ئەعرەجى ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی‌و حەمید شەتری بریکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی‌و قاسم محەمەد بەڕێوەبەری ھەواڵگریی سەربازیی‌و فەرماندەی ھێزەکانی وشکانییەکانى عێراق لەبەغداوە گەیشتنە شارۆچکەی شنگال لەڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا.

لەشەوی یەكی ئەم مانگەوە، شەڕو پێدادان لەنێوان سوپای عێراق‌و هێزەكانی به‌رگرى شەنگال ـ یەبەشەدا لەشنگال دەستپێکردووەو لەڕووبەڕووبوونەوەی ئەمڕۆی سوپای عێراق‌و یەبەشەدا سەربازێکی سوپای عێراق کوژرا.

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان په‌یامى چى بوو؟
نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق لەبارەی شەڕو پێكدادانەكانی نێوان سوپای عێراق‌و یەبەشەوە لەتویتەری خۆی بڵاویكردەوە، "زۆر نیگەرانین لەهەمبەر پێکدادانەکانی شنگال‌و لێکەوتە خراپەکانی بۆسەر هاوڵاتیانی سڤیل".

یونامی جەختیشدەکاتەوە، "پێویستە ئاسایش‌و سەقامگیریی شنگال لەسەروی هەموو شتێک بێت، چونكه‌ ئەوان لەڕابردوودا ئازاری زۆریان چەشتووەو شایستەی ئاشتین لەسایەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا، هه‌ربۆیه‌ تێکدەرانی ناوخۆیی‌و دەرەکی لەشنگال جێیان نابێتەوە".

ئێستا سنونێ له‌ده‌ستى كێدایه‌؟
به‌گوێره‌ى وته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌شنگال كه‌ بۆ شارپرێس قسه‌یكردو داوایكرد ناوى ئاشكرانه‌كرێت، سه‌ربارى جوڵه‌پێكردنى هێزێكى زۆر، به‌ڵام سوپاى عێراق نه‌یتوانیوه‌ بچێنه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى سنونێ ڕوبه‌ڕووى به‌رگریه‌كى سه‌ختى یه‌به‌شه‌ بۆته‌وه‌، بۆیه‌ ناچاربووه‌ پاشه‌كشه‌ بكات.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، سه‌ربازانى سوپاى عێراق ئه‌زمونێكى ئه‌ووتۆیان له‌شه‌ڕكردندا نییه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ئێستا نێوه‌ندگیركردن ده‌ستى پێكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جۆرێك له‌ڕێكه‌وتن له‌نێوان سوپاو یه‌به‌شه‌ بێته‌ ئاراوه‌.

ش.هـ