سێ رێکخراوی جیهانی: دەسەڵاتدارانی هەرێم بوونەتە مەترسی لەسەر رۆژنامەنوسان

کوردستان

04/05/2022‌ 999 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سێ رێکخراوی جیهانی بواری رۆژنامەوانیی، ئازادیی بێسنور (FPU)، رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور (RSF) و كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) نوێترین راپۆرتی خۆیان بڵاوکردەوەو سەبارەت بە هەرێمى کوردستان نوسیویانە دەسەڵاتداران بوونەتە مەترسی لەسەر رۆژنامەنوسان.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو لایەنە سیاسییەی سەردەشت عوسمان چەند وتارێکی لەبارەوە نوسی بوون، پێدەچێت راستەوخۆ دەستیان لە رفاندن و کوشتنی رۆژنامەنووسەکەدا هەبووبێت و باس لەوەش دەکات، پێوستە وڵاتان سزا بەسەر ئەو کەسایەتیانەدا بسەپێنن كە رێگرییان كردووە لە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی بێلایەن و شەفاف.

ئەوەش هاتووە، چەندین رێگری و دروستکردنی ئاستەنگ لە لێكۆڵینەوەكانی دۆسیەكەی سەردەشت عوسمان خراونەتە بەرباس کە لەوانە رێگەنەدان بە چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكار و هاوڕێكانی و بوونی هەڕەشە لەسەریان و داوایان لێكراوە بێدەنگ بن و ئەو چیرۆکە بگێڕنەوە کە دەسەڵاتداران باسیان لەبارەیەوە کردووە.

سەردەشت عوسمان رۆژنامەنووسێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بوو ١٢ ساڵ لەمەوبەر لە کاتێکدا خوێندکاری قۆناغی چواری زانکۆ بوو، لەبەردەم كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین رفێنرا و دواتر تەرمەكەی لە شەقامێكی شاری موسڵ دۆزرایەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، دژبەیەكیی لە چیرۆكە فەرمییەكە لەم رووانەوە بەدیدەكرێت: رفاندنی سەردەشت، گواستنەوەی سەردەشت (یان تەرمەكەی) لەهەولێرەوە بۆ موسڵ، راپۆرتی فەرمی توێكاری تەرمەكە، ئەو قسانەی كە گوایە ئەنجامدەرانی تاوانەكە سەر بە گروپی تیرۆریستی ئەنسارولئیسلام بوون، هەروەها ئەو هۆكار و پاڵنەرانەی خراونەتەڕوو سەبارەت بە تیرۆركردنەكە.

هەروەها ئەوەش روونکراوەتەوە، پێویستە دەسەڵاتدارانی كورد دەستبەجێ كۆتایی بە هەراسانكردن و تۆقاندن و هەڕەشەكردن بەرامبەر كەسوكاری سەردەشت عوسمان و هاوڕێكانی بهێنن.

لە بەشێکى دیکەى راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، رۆژنامەنووسانی وەك سەردەشت عوسمان، لە شوێنێك كاردەكەن ئازادیی رۆژنامەگەریی تیایدا سنوردارە بۆیە زۆربەی كات ناچاردەكرێن سانسۆر بخەنە سەر خۆیان، تا ئەو هێڵە سورانە نەبەزێنن كە لەوانەیە كاردانەوەی توندوتیژ لەلایەن دەسەڵاتەوە بوروژێنێت.

ساڵی ٢٠٠٩ سەردەشت عوسمان بابەتێکی لەسەر گەندەڵی و واستەكاری بڵاوکردەوە، بەناونیشانی "من عاشقی كچەكەی بارزانیم"، كە تیایدا بەراوردێكی كردووە لەنێوان ژیانی پڕ خۆشگوزەرانی خێزانی مەسعود بارزانی و ژیانی پڕ نەهامەتی هاوڵاتیانی ئاسایی هەرێمەکەی دەکرد و دوای ماوەیەكی كورت، چەند جارێك هەڕەشەی كوشتنی لێكرابوو.

لێکۆڵینەوەکە و رێکخراوەکان داوا دەکەن دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستبەجێ كۆتایی بە هەراسانكردن و تۆقاندن و هەڕەشەكردن بەرامبەر كەسوكاری سەردەشت عوسمان و هاوڕێكانی بهێنن و دووبارە لێكۆڵینەوەیەكی شەفاف و بێلایەن لە كەیسەكەی سەردەشت عوسمان دەستپێبكەنەوە.

هاوکات ئەوەش هاتووە،پێویستە ئەوانەی پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابورییان هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان فشاری بەردەوام بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی هەڕەشەكردن و كوشتنی رۆژنامەنووسان، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان.

ئەو رێکخراوانە دەشڵێن، كەیسی سەردەشت عوسمان بەڵگەیە لەسەر چارەنووسی چەندین رۆژنامەنووسی رەخنەگر لە هەرێمی کوردستاندا و لەوانەش "ئاسۆس هەردی، كاوە گەرمیانی، ویداد حسێن و سۆرانی مامە حەمە". لەدوای كوشتنی سەردەشت عوسمان لانیكەم ٢٢ رۆژنامەنووسی تر لە عیراق بەهۆكاری پەیوەندیدار بەكارەكەیانەوە كوژراون، هەشت حاڵەتیان لەهەرێمی كوردستانی عیراق بوون.

هەروەها روونیشیانکردوەتەوە،ئەو هەڕەشە و پەلامارانەی دەكرێنە سەر ئەم رۆژنامەنووسانە بەدەگمەن لێكۆڵینەوەیان تیادا دەكرێت بەشێوەیەكی خێرا، ورد و كاریگەر" بەپێی لێكۆڵینەوەكە.

رێکخراوەکان داواش لە وڵاتان دەکەن سزا بەسەر ئەو لێپرسراو و دەسەڵاتدارانەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بسەپێنن كە رێگرییان كردووە لە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی خێرا، ورد، كاریگەر، بێلایەن و شەفاف دەربارەی ئەو تاوانانەی دژ بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدراون.