سۆسیۆلۆژیای سیاسی و سەردەمی ھوشیار بونەوەی گەل

مەلەفی تایبەت

04/05/2022‌ 756 جار خوێندراوه‌ته‌وه


کمال محمد

سۆسیۆلۆژیا یان کۆمەڵناسی کە چەندین لقی لێ ئەبێتەوە ھەریەکەیان ھێزی سەرەکی بنەڕەتی بەکۆمەڵگا بونە ،ھەریەکێک لەم لقانە ئەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە رەسەنێتی و کۆمەڵگایەکی سەردەمیانەدا ببینن ،سۆسیۆلۆژیای سیاسی وەک یەکێک لە ھەرە لقە گرنگەکان ھەمیشە ھۆکارە بۆ بەرھەمھێنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست و مۆدێرن کە فەیلەسوفە رۆژئاواییەکان لەرێگای رەخنەو تێھەڵچونەکانیانەوە  کاریگەری خۆیان لەسەر داناوە و چەندین بیرۆکەی نوێیان ھێنایە ئاراوە بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستوی رۆژئاوا ،بەڵام ئەم فەزڵە پریشکێکی وەھای بەر رۆژھەڵات نەکەوت تا کۆمەڵگا لە گەڵ خۆبەرھەمھێنانەوە و گەشەی ژیانی سەردەمدا جەھل و ھەژاری بەرھەم نەھێنێتەوە .

لەھەرێمی کوردستان کۆمەڵگا لە غیابی سۆسیۆلۆژیای سیاسیدایە و ھۆکاری ئەمەش ئەو تارماییە فیکرییەیە کە خۆی بەسەر کۆمەڵگا دا کێشاوە و خۆی ئەبدەیت ئەکاتەوە بەبەردەوامی و تاھەنوکەش نەیتوانیوە لەپەراوێزی  مومارەسەکردنی چەمکە فیکرییەکانی رۆژئاواوە ئەڵتەرناتیڤی خۆی بدۆزێتەوە تاوەکو بتوانرێت سیستەمی رەخنەو پرۆژەی رەخنە لە دنیای سیاسی و ئەدەبی و رۆشنبیری کوردیدا ئامادە بکرێت چون ھەتا ئێستاش حیزبی کوردی رەخنە وەک دوژمنکاری ئەبێنێت  نەوەک ئازادی و چاکسازی گشتگیر ئیتر ئەمەیان لە نەزانین بێت یان ئەنقەست !

ئێمەی گەلی کورد لەشەمەندەفەری ھوشیاربونەوە بەجێماوین و ھێشتان لە خولگەی عەشیرەت و خێڵگەریداین نەوەک نەتەوەو ناسنامە گەورەکە کە کوردە بە گشتی،ھەرئەمەشە ھوشیاریمانی ئیفلیج و چەق بەستو کردوە و رێگری کردوە لە کۆمەڵگایەکی پر وزەو فیکری نوێ کە چەندایەتی و چۆنایەتی کۆمەڵگا ھەڵسەنگێنێت و سۆسیۆلۆژیا بەھەمو چەمکەکانیەوە بەرە پێش ببات و وەڵام و تێروانینی جیاوازی ھەبێت لە غیابی ئەو سۆسیۆلۆژیا سیاسییەی کە دەسەڵاتە  تۆتالیتارییەکی حیزبی کوردی بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی و نەخشەسازی ئیمپریالیزمەکان دروستیان کردوە، چون خاوەن ئەربابی ئەم سیستەمە ھیچ شتێک نەماوە لەپێناو چاوچنۆکی و بەرژەوەندییان پەیرەویان نەکردبێت ،

ئێستای ئێمە پێویستییەکی زۆرمان بە کارکردنە لەسەر کۆمەڵگا بەگشتی و ئامادەکردنی تاکە بەتایبەتی بۆ ئەوەی سەردەمی ھوشیاری گەل بکەینە رێگاو دەرەچەیەک بۆ  رزگاری ئێستاو دیاریکردنی چارەنوسی خۆشمان بۆ ئاییندە  ئەگەر خاوەنی کلتورێکی تایبەتی سۆسیۆلۆژیا و مەعریفەیەکی کلاسیکی سەردەمیانەی خۆمان بین ،سەردەمی ھوشیار بونەوەی ئێمە سەردەمی بەکارھێنانی مافی بەرگریکردنە کە ئەرکێکی ئاکاری و سیاسی و یاسایی ھەر کۆمەڵگایە کە سۆسیۆلۆژیای سیاسی تیایدا جێگیر و سەردەمیانەیە ،ھوشیار بونەوەی ئێمە لەدۆخێکی سیاسی و دواکەوتویی فیکری ئێستا ھێندەش قورس نییە جێگا بە فاکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتی و سیستەم بدرێت بەردەوام بێت چونکە ئەو ھوشیار بونەوەیە  لەگەڵ خۆیدا دەرفەت بۆ دادگاییکردنێک دەرەخسێنێ کە تەواوی ناعادیلانەکان و خودی سیستەم و ئایدۆلۆژیا حیزبیەکان رێک و یەکسان ئەکاتەوەو کۆتایی بە دابڕانی تاک لە کۆمەڵگا ئەھێنێ و ئەیکاتەوە بە خاوەن ماف و خودی دادگایی کردنەکەش لەسەر ئەم بنەمایە ئەنجام ئەدرێت ،بۆیە دادگاییکردنێکی لەم شێوەیە دادوەرییەکی ئەوێ کەخۆی لەگەڵ زانستدا نەپچرێنێت بۆئەوەی عادیلانە بێت ،ئاشکرایە ئەم پەیوەندییەش سۆسیۆلۆژیای سیاسی بەرە پێش ئەبات ،

بیرکردنەوەی ئێمە نابێت بەشێوەیەک بێت بڵێین ئەم سیستەمەی کە ھەیە وا ھاتوەو واش ئەروات و راست نابێتەوە،بیرکردنەوی ئێمە دەستبەرنەدانە لە گەڕان بەدوای سیستەمە راستییەکەدا نەگەشتنمان پێی تا ئێستا خاڵی کۆتایی نییە بەڵکو ئەوە ئاستی ھوشیاری ئێمەیە لە جێگای خۆی راوەستاوەو نەگەشتوە بە پێکھێنانی سیستەمێک بە بیرکردنەوەی سیستمییانە !بۆیە ئەوە بیری ئێمەیە ئەتوانێ بیرۆکەکانمان بکاتە سیستەم و بەرجەستەیان بکات تاوەکو پێکھاتەیەکی ھزری و کەسایەتییەک لە خۆماندا بدۆزینەوە کە لە باوەریدا جێگای پابەندی لە کرداریشدا پێداویستییەکان بەدەست بھێنین ،بۆیە ھۆشیاریمان ھەمیشە ھاوتەریبە بە بەردەوامی مانەوەمان  پارچەبونی بیر و فیکریشمان بەم شێوەی ئێستا کەھەیە ھەڵبەت گرێدراوە بە ناھۆشمەندیمانەوە .