۱٤۷ هەزار گەشتیار سەردانی شاری سلێمانی دەکەن

کوردستان

06/05/2022‌ 482 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەرایەتى گەشتوگوزاری سلێمانى رایگەیاند، لە ماوەی رۆژانى جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا ۱٤۷ هەزار گەشتیار سەردانی شاری سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەریان کردووە.

بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکە لە ڕێگەی بازگە و دەروازە سنوریەکان و فڕۆکەخانەوە،  ۱٤۷ هەزار گەشتیاری شارەکانی عێراق و ئێران و بیانی بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە  جەژن و ڕۆژانی پێشتر و دواتری بۆنەکەدا گەشتەکانیان بۆ سلێمانی و سەیرانگا و هاوینە هەوارەکانی ئەم شارە ئەنجامداوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە زیاتر لە ٨۰٪ی ئەو ڕێژەیە گەشتیارانی ناوەڕاست و باشوری عێراقن.

بەڕێوەبەرایەتیەکە رایگەیاندوە، گەشتیاران هەر لە سەرەتای گەیشتنیانەوە بە شێوەیەکی زۆر گونجاو پێشوازیان لێکراوە، هەروەک توانراوە وەک پێویست شوێنی حەوانەوەیان لە بنکە گەشتیاریەکانی کەرتی تایبەت دەستبکەوێت.

گەشتوگوزاری سلێمانى روونیکردەوە، لە جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵدا هاوینە هەواری دوکان قەرەبالغترین ناوچەی گەشتیاری بووە و زیاتر لە ۱۷۰ هەزار سەردانیکار و گەشتیار کاتە خۆشەکانیان لەو هاوینە هەوارە دڵڕفینە بەسەربردوە .

لە کۆتایشیدا بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاندوە،لەبەرامبەر پێشوازی ئەو ژمارە زۆرەی هاتنی میوانان و داڕێژراوی پلانێکی سەرکەوتوانە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕێز و سوپاس و دەستخۆشی ئاڕاستەی تەواوی لایەنەکان دەکات. ئەو لایەنانەش بریتین لە ئاسایشی بازگەکان، یەکە کارگیڕیەکان، پۆلیسی هاتۆچۆ،  پۆلیس، بەرگری شارستانی، تەندروستی، خاوەن مۆڵەتە گەشتیاریەکان، لیژنەکانی گەشتوگوزار.