وەزارەتى بازرگانى لەبارەى برنجى خراپەوە لەبازاڕەکاندا هاتە دەنگ

ئابوری

09/05/2022‌ 643 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دەنگۆکان لەبارەی بوونی برنجی خراپ لە بەشە خۆراکی هاووڵاتییان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

 وەزارەتی بازرگانى لە ڕوونکردنەوەکەدا ڕایگەیاندوە: لە سۆنگەى هەستکردنمان بە بەرپرسیارییەتى بەرامبەر بە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان و سەلامەتى هەموو لایەک بە پێویستمان زانى ئەم ڕوونکردنەوەیە بڵاوبکەینەوە لە بارەى ئەو دەنگۆیانەى لەسەر هەبوونى برنجی خراپ لە بەشە خۆراکى هاووڵاتییان هەیە کە لەلایەن ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى  سلێمانى بەدواداچوونى بۆ کراوە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، لەمبارەیەوە هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە ئەو بەشە خۆراکەى دابەش دەکرێت لە ڕێگەى بریکارەکان پێشتر پشکنینى بۆ دەکرێت و پاش دڵنیابوون دابەش دەکرێت.

لەبارەی هەبوونی برنجی خراپ لەبازاڕەکاندا وەزارەتى بارزگانى ئەوەى خستەڕوو، کە ئەم حاڵەتە تەنیا لە چەند فەردەیەک بووە، لە چەند هەزار تەن کە ئاساییە و دەکرێت لە کاتى گواستنەوە یان عەمبارکردن ئەم حاڵەتە ڕووبدات، ئەمانەش بە هیچ جۆرێک دابەش نەکراوە و هەموو کات ئەم خۆراکانە گەڕێنراوەتەوە و لەناوبراون .

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە هاووڵاتیان و بریکارەکان ئاگادار دەکەینەوە لە هەر حاڵەتێکى لەم جۆرە راستەوخۆ لێژنەکانى چاودێرى بازرگانى ئاگاداربکرێنەوە و تاوەکو گرفتەکان چارەسەر بکەن .