کاتى یارى دەستپێک و کۆتایى یۆرۆى 2024 دیاریکران

وەرزش

10/05/2022‌ 389 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیارە یارى کۆتایى یۆرۆى 2024 لە بەرلین بەڕێوە بچێت و لە کانوونى یەکەمى 2023شدا تیروپشکى پاڵەوانیەتیەکە ڕادەکێشرێت.

یەکێتى تۆپى پێى ئەوروپا لەپێگەى فەرمى خۆی بڵاویکردەوە،یارى دەستپێکى جامى نەتەوەکانى ئەوروپاى 2024، کە بڕیارە لە ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت، لە 14ى حوزەیران لە یاریگاى ئەلیانز ئەریناى شارى میونشن دەبێت.

هەروەها یارى کۆتایی 14ى تەمووز لە یاریگاى ئۆڵیمپى لە بەرلینى پایتەختدا بەڕێوەدەچێت، کاتى هەردوو یارییەکەش 10ى شەو دەبێت بە کاتى هەرێمى کوردستان.

لیژنەى جێبەجێکارى یوفا لە کۆبوونەوەى تایبەتى خۆیدا لە ڤییەنا بڕیاریدا تیروپشکى کۆتایى پاڵەوانیەتیەکە لە کانونى یەکەمى 2023دا لە شارى هامبۆرگ ڕابکێشرێت و تیروپشکى پاڵاوتنى جامەکەش لە تشرینى یەکەمى داهاتوو لە شارى فرانکفۆرت دەبێت.

لیژنەکەی یوفا بڕیاریدا سەنتەرى ڕاگەیاندنى یۆرۆى 2024 لە شارى لایپزیگ لە ڕۆژهەڵاتى ئەڵمانیادا بێت.