تۆپخانەکانی ئێران سنوری پارێزگای هەولێر بۆردومان دەکات

کوردستان

11/05/2022‌ 1787 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تۆپخانەکانی کۆماری  ئیسلامی ئێران بەچڕی چەندین شوێنی لە سنوری برادۆست تۆپبارانکرد و زیانەکانی نەزانراون . 

پەیامنێری شارپرێس لە ناوچەی برادۆست ئەوەی ئاشکراکرد، بەیانی ئەمڕۆ تۆپخانەکانی وڵاتی ئێران زۆر بەچڕی کوێستانی بەربزین لە سنوری برادۆست تۆپباران دەکات . 

پەیامنێری شارپرێس وتیشی، تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی و ماددی بە هاوڵاتیان نەگەیشتووە، چونکە تۆپبارانەکە دوورە لە گوند و ئاواییەکانەوە، بەڵام تا ئێستاش ناوە ناوە دەنگی تۆپبارانەکە دەبیسترێت . 

هاوکات بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بەشارپرێسی راگەیاند، بەهۆی تۆپبارانەکە لە گوندی ڕەشکین تاقیکردنەوەی قوتابیان وەستاوە قوتابخانەیەکی بنەڕەتی لێیە ، بۆ پاراستنی گیانی خوێندکاران تاقیکردنەوەکان لە ئێستادا وەستاوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، دوای ئاسایبوونەوەی بارودۆخەکە تاقیکردنەوەکان ئەنجامدەدرێن.

 بەبیانووی هەبوونی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆماری ئیسلامی ئێران ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆردومان و تۆپباران دەکات و بە هەمان شێوە تورکیاش بە بەردەوامى بۆردومانى سنورەکان دەکات.