حکومەتى هەرێم لەبارەى موچەوە وەڵامى میدیاکانى یەکێتی دەداتەوە

کوردستان

11/05/2022‌ 1309 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا زانیاری نوێی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە بڵاوکردووەتەوە و باس لە چۆنێتی دابینکردنی موچە دەکات و دەشڵێت" بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران حکومەتی هەرێم پێویستی بە ٦١٦ ملیۆن دۆلار هەیە".

لە روونکردنەوەیەکدا جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند"بە هۆی ئەوەی چەند رۆژێکە زانیاری نادروست لەبارەی دابەشکردنی داهاتەکانی پارێزگاکانەوە بەڵاوبووەتەوە بە پێویستمان زانی روونکردنەوە لەسەر شێوازی دابەشکردنی ئەو داهاتانە بڵاوبکەینەوە."

ئاماژەى بەوەشکردووە، داهاتی هەرێمی کوردستان ٣٥٠ ملیۆن دۆلارە و داهاتی ناوخۆی هەرێمیش ١٢٨ ملیۆن دۆلارە و لە بەغداشەوە مانگانە ١٣٨ ملیۆن دۆلار دەگاتە هەرێم.
وتەبێژی حکومەت دەشڵێت، مانگانە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران حکومەتی هەرێم پێویستی بە ٦١٦ ملیۆن دۆلار هەیە.

لە روونکردنەوەکەی جوتیار عادلدا ئەوە خراوەتەڕوو، لە مانگی یەک و دووی ٢٠٢٢ دا لە بەغداوە هیچ بڕە پارەیەک نەهاتووە بۆ هەرێم و لە داهاتی نەوت پارەی موچەیان پڕکردووەتەوە.

دوێنێ سێ شەممە میدیای فەرمى یەکێتى بڵاویکردەوە کە كۆی داهاتی مانگی سێی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان زیاتر لە تریلیۆنێك و 100 ملیار دینارە و لەو داهاتەش 34% بۆ سلێمانی نێردراوە.

ئەوەشی باسکردبوو کە لە كۆی 800 ملیار دیناری داهاتی نەوت تەنها 279 ملیار دینار دراوە بەسلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین، هەروەها لە كۆی 300 ملیار دینار داهاتی نانەوتی هەرێم تەنها 100 ملیار دیناری دراوە بەسلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین.

س.هـ

بەپەلە