مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ئاشكراده‌كرێت

جیهان

11/05/2022‌ 2265 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانە لەمەترسییەکانی بەرپابوونی برسێتی بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا.


ئەنتۆنیۆ گۆترێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی قووڵی لەمەڕ مەترسی بڵاوبوونەوەی برسیەتی لەجیهاندا دەربڕیی‌و ڕایگه‌یاند، "جەنگ لەئۆکرانیا هەڕەشە لەئاسایشی خۆراک لەناوچە جیاجیاکانی جیهان دەکات".

گوترێس باسی لەوەشکرد، گفتوگۆکانیان بەردەوامن لەگەڵ ڕاوێژکاری نەمساو وەزیری دەرەوە لەڤیەننا سەبارەت بەگواستنەوەی زیاتری خەڵکی سڤیل لەناوچەکانی شەڕ لەئۆکرانیا، هەروەها پێشبینیدەکەن، خەڵکی زیاتر لەداهاتوودا لەو ناوچانەی شەڕیان تێدایە بگوازنەوە.

جەنگ لەئۆکرانیا بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دانەوێڵە، ڕۆن، سووتەمەنی‌و پەین لەجیهاندا، لەگەڵ ئەوەی ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری ئەوەیاندا کە بەرزبوونەوەی نرخەکان قەیرانی خۆراک لەئەفریقا خراپتر دەکات.

هێرشە داگیرکارییەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لەمانگی دووەوە بۆتە هۆی پەکخستنی ڕێگای گواستنەوەی سەرەکی لەدەریای ڕەشدا کە بەڕێگایەکی سەرەکی ئاوی دادەنرێت بۆ گواستنەوەی دانەوێڵەو کەلوپەلەکانی تر، هەروەها هەناردەکردنی لەئۆکرانیاو ڕوسیا پەکخستووە.

گوترێس ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه‌، "کاتی ئەوەدێت کە دانوستانی ئاشتی لەسەر ئۆکرانیا ئەنجامبدرێت، بەڵام ئەوکاتە لەداهاتوویەکی نزیکدا نابینم".

گۆترێس لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەلێکساندەر ڤان دێر بێلین سەرۆکی نەمسا وتی:"ئەم شەڕە بۆ هەتاهەتایە بەردەوامنابێت، کاتێک دەبێت دانوستانی ئاشتی ئەنجام بدرێت." بەڵام لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوە نابینم تەنها دەتوانم یەک شت بڵێم کە ئێمە هەرگیز کۆڵنادەین".

ش.هـ