شارپرێس:
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) ئاشكرایكرد، چەند هەفتەی داهاتوو بۆ شەڕی ئۆکرانیا یەکلاکەرەوە دەبێت، دهشڵێت:"ناتوانرێت پێشبینی ئەوەبکرێت کە ئایا ڕوسیا پەنا بۆ بەکارهێنانی چەکی ناوەکیی دەبات یان نا، بەتایبەت دوای ئەوەی سوپای ڕوسیا دەستیکردووە بەبەکارهێنانی مووشەکی خێراتر لەدەنگ لەجەنگەکەدا".
لۆید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەمیانەی بەشداریکردنی لەدانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتهكهى وتویەتی:"بەکارهێنانی مووشەکی خێراتر لەدەنگ لەلایەن ڕوسەکانەوە، وایکردووە نەتوانرێت مەزەندەی ئەوەبکرێت کە ئایا ڕوسیا لەماوەی داهاتوودا پەنا دەباتەبەر بەکارهێنانی چەکی ناوەکیی یان نا".
دهشڵێت:"بەکارهێنانی ئەو جۆرە موشەکە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ڕوسیا ڕودەکاتە بەر زیاتر گرژکردنی دۆخەکەو دەستبردن بۆ چەکی ناوەکیی".
بەوتەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، "ڕوسیا هێشتا لەجەنگەکەدا بژاردەی زۆری لەبەردەمدایە، لەوانە دەستکردن بەئەنجامدانی هێرشی سیبرانیو هێرشی کیمیایی، بەڵام ئەمانە مانای سەرەتای دەستبردن نین بۆ وەشاندنی گورزی ناوەکیی".
هەفتەی ڕابردوو، دیمیتری ڕۆزگین سەرۆکی ئاژانسی بۆشاییگەری ڕوسیی "ڕوسکۆزمۆس" کە سەر بەسەرۆکایەتیی ڕوسیایە ڕایگەیاندووە، "ئەگەربێتو جەنگی ناوەکیی ڕووبدات، ئەوە لەماوەی نیو کاتژمێردا هەموو وڵاتانی سەر بەناتۆ لەناودەبەین".
ئهوهشى ڕاگهیاندبوو، "نابێت ڕێگەبدەین ئەوە ڕووبدات، لەبەرئەوەی کاریگەرییەکانی لێکدان بەچەکی ناوەکیی کاریگەریی لەسەر هەسارەی زەویی دەبێت".
ئەو بەرپرسە ڕوسییە جەختیکردۆتەوە، دەبێت ئەو دوژمنەیان کە لەڕووی سەربازییو ئابوورییەوە لێیان بەهێزترە، بەهۆکاری چەکی کلاسیکیی لێیان ببەزێنن.