لە راپۆرتى چاکسازیی چەند وەزارەتێکدا هەزاران مووچەى زیادە ئاشکرا دەکرێت

کوردستان

12/05/2022‌ 1723 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەزاھە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەینێت، حكومەتی هەرێم لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیدا هەنگاوی باشی ناوە و دەڵێت: زیاتر لە 500 كەس شەهید نەبوون و كراون بە شەهید و زیاتر لە سێ هەزار ناویش تێبینیان لەسەرە.

سەعید ھەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەزاھە لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتووە:'لە ڕاپۆرتی سێیەمی چاکسازیی ھەرێمی کوردستاندا کە ڕەوانەی پەرلەمان کراوە ھەنگاوی باش نراوە لە بواری چاکسازیدا و بڕیارە حکوومەتی ھەرێم ڕاپۆرتی خۆی لە ماوەیەکی نزیکدا ڕەوانە بکات و لە ڕاپۆرتی چاکسازیی دەستەی دەستپاکیدا ھاتووە، کە لەوانە خانەنشینیی پلە باڵا، کە ١٨٢ کەس بە پلەی وەزیرن لەوانە ١٤١ کەس وەزیر بوون و ئەوانەی دیکە بە پلەباڵا خانەنشین بوونە و ئەوانەی کە بریکاری وەزیرن ١٧٤ بریکار بووە، لەوانە تەنھا ١٣٩ کەسیان بە کردەیی بریکار بوون.

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەزاھە وتیشی: ھەر لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە، وەزارەتەکان بەردەوامن لە وردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەران و کاری زۆر باش کراوە و زیاتر لە١٠ ھەزار کەس دەرکەوتووە لە پلەی لە خۆیان بەرزتر وەرگرتووە و ٦ ھەزار کەسیش سەرمووچەی زیادیان وەرگرتووە.''

لە بارەی لیستی شەهیدانەوە باسی لەوەكردووە، ٧٠ ھەزار شەھید هەیە و بەپێی ئەو وردبینییەی بۆی کراوە، دەرکەوتووە بەشێکیان شەھید نەبوون، لە ھەولێر لە چوار ھەزار شەھید وردبینی کراوە ھەزاریان تێبینییان لەسەر بووە و ٢٠٠ کەسیش شەھید نەبوونە و لە سلێمانیش لە کۆی پێنج ھەزار شەھید وردبینی لە دۆسیەکەیان کراوە کە ھەزار و ٥٠٠ کەس تێبینییان لەسەر بووە و ٣٠٠ کەسیش شەھید نەبوونە و لە دھۆکیش لە کۆی ھەزار دۆسیەی وردبینی بۆ کراوە ٤٢ کەس شەھید نەبوونە و٧٥٠ کەسیش تێبینییان لەسەر بووە.

دەشڵێت: ئەو ھەنگاوانەی نراون زۆر باشن و جددییەتیی حکوومەت لە چاکسازی نیشان دەدات.