شارپرێس:
ئاژانسى ناساى ئهمریكى دەنگێکی تۆقێنەرى بڵاوكردۆتهوه لەکونە ڕەشەکەی کۆمەڵەی گالاکسی پێرسیەس، ئاماژه بهوهشدهكات، دهنگهكه زۆر تۆقێنهره، بهڵام 240 ساڵی تیشکی لەزەویەوە دوورە.
ئاژانسی (ناسا) گرتەیەکی دەنگی 34 چرکەیی بڵاوکردۆتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ کونەڕەشەکەی کۆمەڵە گاڵەکسی پێرسیەس کە قەبارەکەی 11 ملیۆن ساڵی تیشکییەو 240 ملیۆن ساڵی تیشکی دوورە لەزەوی.
بهگوێرهى ئهو ههواڵه، زانایانی ناسا دەنگەکەیان لەڕێگەی تۆمارکردنی شەپۆلی پاڵەپەستۆی کونە ڕەشەکە لەسەر کۆمەڵە گاڵەکسییەکە دەستکەوتووە، دواتر بۆ ئەوەی گوێی مرۆڤ بتوانێت دەنگەکە ببیستێت شەپۆلەکانیان بەرزکردۆتەوە بۆ ئۆکتاڤی 57و 58، واتا بەڕێژەی 288هەزار کوادریلیۆن.
(یەک کوادریلیۆن) بریتییە لەژمارە (یەک)و 15 سفریش لەدواوەی دێت.
بڵاوکردنەوەی دەنگەکە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیداهێناوە لەسەر ئاستی جیهانو بەشێك لەبەکارهێنەرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەنگەکە بە"دەنگی جنۆکە" یاخود "دەنگی دۆزەخ" وێنا دەکەنو لەبەرامبەردا هەندێک کەس دەڵێن "دەنگێکی نایابە."
ئەندرێی ماتڤیڤ لەیوتوبی ناسادا نوسیوویەتی، "میلۆدیەکی جوانەو لەهەمانکاتدا ترسناکیشە، هەمیشە ویستومە بچم بۆ بۆشایی ئاسمان".
بەشێک لەهاوڵاتیانیش پرسیاری ئەوەیانکردووە، ناسا چۆن توانیویەتی کە شەپۆلی دەنگەکە تۆماربکات لەکاتێکدا بۆشایی ئاسمان هیچ هەوایەکی تێدانییە بۆ گواستنەوەی دەنگ، ناساش دەڵێت:"زاناکانی سەرەتا تۆماری ئەو شەپۆلی وزانەیان کردووە کە لەکونە ڕەشەکەوە بەناو بۆشایی ئاسماندا بڵاوبوونەتەوەو دواتر شەپۆلە وزەکانیان وەرگێڕاوەتە سەر شەپۆلی دەنگ".
ش.هـ