لەپێشکەوتنێکی گەورەی پزیشکیدا زانایان لەزیندوکردنەوەی چاوی مردویەکدا سەرکەوتوبون

تەندروستی

14/05/2022‌ 2778 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زاناکانی ئەمریکا ئاشكرایانكرد، لەزیندووکردنەوەی چاوی کەسێکی مردوودا سەرکەوتووبوون، ئەوەشیان وەک دۆزینەوەیەکی زانستیی گرنگ هەژمارکردووە کە ڕەنگە سەربکێشێت بۆ زیندووکردنەوەی بەشێک لەمێشکی کەسی مردوو.


ئەو زانایانە وتویانە، "خانە دەمارییە هەستیارەکانی تیشک لەتۆڕی چاودا دوای 5 کاتژمێر لەمردن دەتوانێت وەڵامدەرەوەی ڕووناکیی‌و پەیوەندییکردن بێت بەیەکەوەو ئاماژەکان بنێرێت، ئەوەش هاوشێوەی ئەوەیە کە لەبوونەوەرە زیندووەکاندا ڕوودەدات".

ئەو خانە دەماریانەش بەشێکی گرنگی کۆئەندامی ناوەندیی دەمار پێکدەهێنن، کە بریتییە له‌مێشک‌و دڕکەپەتک، ئەمەش ئومێدی ئەوە دەبەخشێت لەداهاتوودا بتوانرێت خانەکانی تری کۆئەندامی ناوەندیی دەمار زیندووبکرێتەوەو تەنانەت ڕەنگە  کەسەکە بەهۆشبهێنرێتەوە.

لەوبارەیەوە سەرپەرشتیارانی سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە بەگۆڤاری "نەیچەر"یان وتووە، "لێکۆڵینەوەکە پرسیاری ئەوەی وروژاندووە ئایا هەر بەڕاست مێشک کە مرد ئیتر زیندووناکرێتەوە، وەک ئەوەی ئێستا بڕوا وایە؟".

بۆئەوەش فاتیمە عەباس توێژەری سەرەکیی لەناوەندی موران لەزانکۆی یۆتای ئەمریکی وتویەتی:"توانیومانە ئەو خانانەی لەناو چاوی مرۆڤدا پێشوازیی لەڕووناکیی دەکەن بەئاگابهێنینەوە، ئەوەش بەشێکە لەتۆڕی چاو کە بەرپرسە بەبینینی ناوەندیمان‌و توانامان لەبینینی شتەکان‌و وردەکاریی‌و ڕەنگی شتەکان".

لەکۆتاییدا باسی لەوەکردووە، لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکەماندا ئەوەمان بۆ ئاشکرابووە کە ئەو خانانەی چاوی مرۆڤ دوای پێنج کاتژمێر لەمردنی خاوەنەکەی وەڵامدانەوەیان بۆ ڕووناکی بەهێزو ڕووناکی ڕەنگاوڕەنگ‌و تەنانەت وەڵامی ڕووناکی زۆر کەمیش دەبێت.

و: ئاکۆ ئاڵی