بارزانى به‌نهێنى سه‌ردانى سلێمانى كرد

کوردستان

14/05/2022‌ 38967 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت ده‌ست شارپرێس كه‌وتووه‌، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌سه‌ردانێكى له‌ناكاوو ڕانه‌گه‌نراو سه‌ردانى سلێمانى كردو دواى ئه‌نجامدانى زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵا له‌سنووره‌كه‌، گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر.


شارپرێس زانیاریی ده‌ستكه‌وتووه‌، لەدوو ڕۆژی ڕابردودا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان‌و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەردانێکی لەناکاوو ڕانەگەیەنراو هاتۆتە پارێزگای سلێمانی‌و لەهاوینەهەواری دوکان زنجیرەیەک کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتی نیشتیمانى كوردستاندا ئەنجامداوە.

سەرچاوەیەکی باڵا ئه‌وه‌شى بەشارپرێس ڕاگەیاند، "لەدوو ڕۆژی ڕابردودا نێچیرڤان بارزانی هاتۆتە سنوری پارێزگای سلێمانی‌و لەهاوینەهەواری دوکان لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای یەکێتی کۆبۆتەوەو تاووتوێی پەیوەندیەکانی نێوان پارتی‌و یەکێتی‌و دۆخی سیاسی‌و ئەمنی هەرێمی کوردستانیان کردووە".

سەرچاوەکەی شارپرێس لەبارەی ڕانەگەیاندنی کۆبونەوەکەوە ئاماژەی بەوەکرد، کۆبونەوەکە کۆبونەوەیەکی ڕانەگەیەنراو بووەو پێدەچێت پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئاگاداری وردەکاری کۆبونەوەکە نەبێت، بۆیە دوور لەچاوی کامێراکان‌و ڕاگەیاندن بووە".

بەپێی ئەو زانیاریانەی شارپرێس لەسەرچاوە باڵاکەوە دەستیکەوتووە، نێچیرڤان بارزانی لەسەردانەکەیدا چاوی کەوتووە بەژمارەیەک لەبەرپرسانی باڵای یەکێتی کە لەناوەندی بڕیاردانن‌و تاووتوێی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو حزبیان کردووە لەگەڵ باسکردن لەدۆخی هەرێمی کوردستان.

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لەکاتێکدایە، بەپێی زانیاریەکانی شارپرێس لەکۆتا کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی خۆیدا، پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری هەوڵدانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسیەکان داوە، بەڵام دیارنییە ئەم سەردانەی بارزانی لەو چوارچێوەیەدا بووە یاخود ئامانجێکی تری هەبووە.

ش.هـ