کۆمپانیای "تاتا"ی هیندی بە ئۆتۆمبێلێکی پێشکەوتوو ڕکابەریی ئۆتۆمبێلە ئەمەریکی و ئەڵمانییەکان دەکات

هەمەڕەنگ

15/05/2022‌ 381 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای "تاتا"ی هیندی مۆدێلێکی نوێی ئۆتۆمبێلی کڕۆس ئۆڤەری ئاشکراکردووە کە لەڕووی نرخ و تایبەتمەندییەوە بە ڕکابەریی ئۆتۆمبێلە ئەمەریکی و ئەڵمانییەکان هەژماردەکرێت.

ئۆتۆمبێلی Tata Nexon EV Max نوێی کۆمپانیا هیندییەکە بۆدییەکی کڕۆس ئۆڤەری قەبارە مامناوەندی هەیە کە دیزاینێکی ناوازەی بۆ بەشی پێشەوە و دواوەی کراوە.

بەشی ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکە  سیستەمی بارگاویکردنەوەی بێتەلی مۆبایل و سیستەمی پێشکەوتووی موڵتیمیدیای تێدایە و سوکانەکەی چەندین دوگمەی لەسەرە کە بەهۆیەوە دەتوانرێت کۆنترۆڵی سیستەمی دەنگ و خێرایی و وەڵامدانەوەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان بکرێت.

هەروەک لەناوەراستی داشبۆردییەکەشیدا شاشەیەکی لەمسیی و لەبەدەمی شۆفێریش شاشەیەک هەیە کە وەک تەختەکلیلێکی ئەلیکترۆنیی کاردەکات.

Tata رایگەیاندووە کە ئۆتۆمبێلەکە سیستەمی ئێڕباگی هەوایی و سیستەمی دیاریکردنی خێرایی و پاراستنی لە ڕێگا خلیسکەکان و هەستەوەریی روونکایی و بارانی تێدایە ، ئەوە جگە لە کامێرای بەشی پێشەوە و دواوە.

ئۆتۆمبێلەکە هاوشێوەی مۆدێلەکانی پێشووی بزوینەرێکی کارەبایی لەسەرە کە هێزی بەرهەمهێنانی 245 ئەسپی هەیە، هەروەک پاترییەکەشی بەرگەی 437 کیلۆمەتر بەیەک بارگاویکردنەوە دەگرێت، جگە لەوەی دەتوانرێت لەماوەی 9 چرکەدا خێراییەکەی لەسفرەوە بگەیەنرێتە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

بەپێی تایبەتمەندییە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێلەکە، نرخەکەی لەنێوان 19100 بۆ 21500 دۆلاردا دەبێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی