رۆژنامەیەکی رووسیی داوای بەکارهێنانی چەکی ناوەکیی دژ بە فینلەندا و سوید دەکات

جیهان

15/05/2022‌ 513 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رۆژنامەی "مۆسکۆڤکسی کۆمسۆمۆلیتس"ی رووسیی بابەتێکی لەسەر مەترسییەکانی بوون بە ئەندامی هەریەک لە سوید و فینلەندا لەناتۆ لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی رووسیا بڵاوکردۆتەوە و تێیدا باسی لەوەکردووە کە ئەگەر بێت ئەو دوو وڵاتە ئەو هەنگاوەیاندا، ئەوە رووسیا گۆڕانکاریی لە بیروباوەڕیی سەربازیی خۆیدا بکات و بیر لەبەکارهێنانی چەکی ناوەکیی لەدژیان بکاتەوە.

لەبابەتەکەدا هاتووە: پێدەچێت لەماوەیەکی نزیکی داهاتوودا هەردوو وڵات ببنە ئەندامی تەواوەتیی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسیی (ناتۆ)، کە ئەمەش لەڕوانگەی ئاسایش و هاوسەنگی هێز لەناوچەکەدا واتای گۆڕانکارییە لە دۆخی ناوچەکە دژ بە رووسیا.

رۆژنامەکە دەڵێت: لەدۆخێکی لەوشێوەیەدا تاکە میکانیزم بۆ گێرانەوەی هاوسەنگیی هێز بریتییە لە گواستنەوەی کڵاوەی ناوەکیی تەکتیکی بۆ هێزە سەربازییەکانی رووسیا لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە و کەشتیگەکی روسیا لە دەریای بەڵتیک، هەروەک تەیارکردنی مووشەکەکانی رووسیا لەسەر کەشتیی و ژێردەریاییەکانی ناوچەکە بە کڵاوەی ناوەکیی وەک جۆرێک بە هێزی بەرپەرچدانەوە.

بەپێی بابەتەکە ئەنجامدانی ئەو جۆرە ڕێکارانە پێویستی بە گۆڕانکاریی لە بیروباوەڕیی سەربازیی رووسیادا هەیە، کە بەپێی ئەوە دەبێت بەروون و ڕاشکاوی بابەتی بەکارهێنانی چەکی ناوەکیی تەکتیکیی تێدا گەرەنتیکرابێت.

لەکۆتایی راپۆرتەکەی رۆژنامە رووسییەکەدا باس لەوەکراوە کە ئەوە مەبەست لێی ترساندنی کەس نییە، لەبەرئەوەی ئەوان دەتوانن بە پشت بەستن بە چەکی ئەتۆمی تاکتیکی ڕووبەڕووی ئەو ناوهاوسەنگییە ببنەوە کە لە ژمارەی سەرباز و  چەک و کەلوپەلی سەربازیدا لەگەڵ وڵاتانی ناتۆدا بۆیان درووست دەبێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی