شارپرێس ـ كهنداڵ جودى ـ قامیشلۆ:
لەڕۆژئاوای کوردستان خوێندنەوەو نووسین بەزمانی کوردی لەزمانی ژێر هێرشو جینۆسایدەوە گۆڕاوە بۆ زمانی نووسینو ژیان، لەمساڵانەی دواییدا ساڵانە نزیکەی 100 کتێبی کوردی بڵاوکراونەتەوە، بەڵام چاودێرانو نووسەران دەڵێن، "لهئێستادا کورد پێویستی بەکتێبی زانستیو وەرگێڕانێکی باش هەیە"، باس لهوهشدهكهن، پێویسته كرمانجى سود لهشێوهزارى سۆرانى ببینێت.
ڕۆژى 15ى ئهم مانگه بەسەرۆکایەتی دەستەی ڕۆشنبیریی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی هەرێمی جزیرێ بۆ یەکەمجار پێشانگایەکی تایبەتی کتێبی کوردی لەسەر ئاستی ڕۆژئاوای کوردستان کرایەوە، لەپێشانگاکەدا هەزاران کتێبی کوردی وەک چیرۆکو ڕۆمانو فەرهەنگو ڕێزمان پێشکەشکرانو جگە لەزاراوەی کرمانجی، زاراوەی سۆرانیش، لەپێشانگاکەدا نمایشکراون.
بەر لەشۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان
ڕۆژئاوای کوردستان وەک منداڵانی کورد لەباکوورو باشوورو ڕۆژهەڵات بەهۆی زمانی کوردیەوە ئازارێکی زۆریان بەرکەوتوە، لەڕۆژئاوای کوردستان ڕژێمی بەعس لەهەموو ناوچەکانی سوریاو ڕۆژئاوای کوردستان خوێندنی کوردی بەزمانی کوردی قەدەغەکرد، جگە لەقەدەغەکردنی پەروەردە، تا قسەکردن بەزمانی کوردی لەقوتابخانەو دامەزراوەکانی سەر بەڕژێم، چەندین کورد لەڕۆژئاوای کوردستان دەستگیرکراونو دەستبەسەرکراون.
هاوکات ڕژێمی بەعس بەهیچ شێوەیەک نووسینی کتێبی کوردی بەزمانی کوردی قەدەغە کردو ڕێگەی نەدا کتێبی کوردی دابەشبکرێت، بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبانە هەروەها تاوانێکی گەورەبوو، بهو هۆیهشهوه چهندین نووسەری كورد ساڵانێکى زۆر بەندکران، بۆ نمونه ئهگهر نووسەرانی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بیانویستایە کتێبەکەیان بڵاوبکەنەوە، دهبوو بەنهێنیو لەسەر حسابی خۆیان چاپیان بكردایه، خۆ ئهگهر ئەوکاتە ڕژێم زانیاریی لەسهر ئهو کتێبە چاپکراوانه ههبوایه تەنها لەبەرئەوەی بەکوردی نووسراون قەدەغەى دهكرنو ڕێگهى بڵاوبوونهوهى پێنهدهدان.
دوای ڕاپەڕینی ڕۆژئاوای کوردستان
بەڵام لەدوای دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان وەک هەموو بوارێک بواری نووسین بەزمانی کوردیو بڵاوکردنەوەی کتێب پەرەیسەندووەو نیشانەی خۆی لەسەر مێژووی کورد داناوە، لەسەرەتای شۆڕشەوە تائێستا دەیان کتێبی کوردی بڵاوکراوەتەوەو نووسەران ئێستا بەئازادی کتێبەکانیان بڵاودەکەنەوە، بەواتایەکی تر ڕەوشی نووسینی کتێبی کوردی لەزمانی قەدەغەکراوو هێرشبردنەسەری، گۆڕاوهو ئێستا هەموو ڕۆژێک بۆتە زمانی ژیانو پەروەردە لەڕۆژئاوای کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا سێ خانهى چاپ لەڕۆژئاوای کوردستان کراونەتەوە کە کتێب بڵاودەکەنەوە، ئهوانیش خانهكانى چاپخانەی (نەقش، شیر، ئاڤا) هاوكات (ئاڤا) لقێکیشى لەئەوروپا کردووەتەوە.
ئەم سێ بڵاوکراوەیە، ساڵانە ژمارهیهكى زۆر کتێب بەزمانی کوردی چاپو بڵاودهكهنهوهو لەزمانەکانی دیکەی عەرەبیو ئینگلیزییو فەرەنسییەوە وەریان دهگێڕن بۆ زمانی کوردیو دواتر دهیگهیهنن بهخوێنهرانى كورد. زۆربەی ئەم کتێبە کوردیانە چیرۆکو شیعرو ڕۆمانو بیرەوەرین، بەڵام کتێبە زانستییەکانی وەک فەرهەنگی کوردیو توێژینەوەی زانستیو هتد زۆر بەدەگمەن نووسراونو بڵاودەکرێنەوە.
کەمال نەجم: پێش شۆڕش هەموو کارو هەڵسوکەوتێک سەبارەت بەکوردبوون قەدەغەکرا
شاعیری کورد کەمال نەجم لەڕۆژئاوای کوردستان تیشکدهخاتهسهر پرۆسەی نووسینو بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی پێش شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانو بۆ شارپرێس وتى:"پێش ڕاپەڕین هەموو کارو ڕەفتارێک سەبارەت بەکوردایەتی قەدەغەکرا، بواری نووسینو بڵاوکردنەوەو چاپکردنیش ههر بەههمانشێوە بوو".
ئهو دهڵێت:"دامودەزگاکانی ڕژێم نەیاندههێشت بەرهەمی کوردی بەزمانی کوردی بڵاوبکرێنەوە، هەروەها نووسینو بڵاوکردنەوەش بەزمانی کوردی قهدهغه بوو، واى لێهاتبوو ههركهس ئهوكاره بكات، ڕوبهڕووى چهوساندنهوهو دهستگیركردن دهبۆوه، ههربۆیه نووسەرانو ڕۆشنبیرانی کورد ناچاربوون بهپارهى خۆیانو بەنهێنی کتێبەکانیان لهچاپخانهكانى سوریا یان دەرەوەی وڵات چاپبكهنو دواتر بهنهێنیش بڵاوى بكهنهوه".
سەبارەت بەئەزموونی خۆی سەبارەت بەچۆنێتی بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی پێش شۆڕش ئهوهى وت:"من یەکەم کتێبی خۆم لەبەیروتی پایتەختی لوبنان بڵاوکردەوە، بەڵام نەمتوانی بپەڕمەوە ناو سووریاو بەسەر ڕۆژئاوادا دابەشی بکەم، کتێبی دووەمیش بەنهێنی بەپارەی خۆم بهشێوهى نهێنى چاپكردو بڵاومكردهوه، بەکورتی مرۆڤ ناتوانێت باس لەئەزموونێکی چاپو بڵاوکردنەوەی پێش ڕاپەڕین بکات لەڕۆژئاوای کوردستان".
وهكو ئهو ئاماژهى پێدهكات، "بەڵام دوای ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دەرفەتی ئەوە کرایەوە کە کتێب بەئاسانی بەزمانی کوردی بنووسرێتو دابەشبکرێت، بەڵام لەوکاتەوەی کە کۆمەڵگای کوردی لەڕۆژئاوا پێش شۆڕش بههۆى ئهوهى ئەزموونی بڵاوکردنەوەیان بەکوردی نەبووە، تائێستاش لەمڕوهوه کێشەو گرفتمان هەیە، بڵاوکردنەوەش لەڕۆژئاوای کوردستان هێشتا تازەیە، هێشتا بازاڕی کتێب لەڕۆژئاوا دانەمەزراوە، کڕینو فرۆشتنی کتێب نەبووەتە کلتورو نەبووەتە پیشە، کەواتە ئەم ناوچەیە هێشتا لاوازە".
زۆر کەم سەرچاوەی پێویست لەزمانی کوردیدا هەیە
نووسهران باس لهوهدهكهن، بۆ زمانێک کە تەنها 10ساڵە کراوەیە بۆ ئەوەی ببێتە زمانی پەروەردەو نووسین، ئەو زمانە پێویستی بەزۆر سەرچاوەی زانستی هەیەو لەهەمووی گرنگتر وەرگێڕان لەزمانێکی ترەوە. بۆ ئەوەی خوێنەری کورد سوود لەم کتێبانە وەربگرێتو ئاستی زانستیی خۆی زیاتر بەرزبکاتەوە لەڕۆژئاوای کوردستان هەنگاوی بچووک نراوە، بەڵام بەس نییە.
بۆ ئهوهش کەمال نهجم ئهوه دهڵێت:"سەرەتا کۆمەڵگای ڕۆژئاوای کوردستان پێویستی بەهەموو جۆرە کتێبو فیکرو ئەدەبو زانستێک هەیە، بەڵام گرنگترین شت لەئێستادا ئەوەیە کە سەرچاوەی پێویست لەزمانی کوردیدا نییە ماوەی نزیکەی 10 ساڵە خوێندکارانی ڕۆژئاڤا لەقوتابخانەکانو زانکۆکان بەزمانی کوردی دەخوێنن، بۆ ئەو خوێندکارانە بەکوردی میتۆدی پەروەردەیی ئامادەکراوە، بەڵام لەماوەی پرۆسەی خوێندندا خوێندکاران پێویستیان بەسیاسیو زانستیو ئەدەبیو هتد هەیە".
لاى خۆیشیهوه عەبدوڵڵا شهیخو سەرۆکی چاپخانەی نەقشو کتێبخانەی بینداروک کە لەگەڵ کتێبخانەکەی بوو لەگەڵ یەکەمین پێشانگای کتێبی کوردی لەشاری قامیشلۆ، سەبارەت بەئەزموونی سەرەتایی خۆیان لەبڵاوکردنهوهی کتێبی کوردی دهڵێت:"ماوەی نزیکەی سێ ساڵە، خانەی بڵاوکردنەوەمان کراوەیە، ڕەنگە لەساڵی یەکەمدا تەنها 3 کتێبی کوردیمان بڵاوکردۆتەوە، بەڵام ئەم ژمارەیە ساڵ بەساڵ لەزیادبووندایەو ئەمساڵیش بەنیازین زیاتر لە 15 کتێبی کوردی بڵاوبکەینەوە، بەگشتی لەمساڵدا دەتوانین بڵێین کە لە 10 بۆ 25 کتێبەوە وەک بڵاوکراوە بڵاودەکەینەوە هەندێک لەو کتێبانەش بەزمانی کوردی نووسراونو هەندێکیش لەزمانی بێگانەوە وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی".
عەبدوڵڵا شهیخو تیشکدهخاتهسهر ناوەڕۆکی ئەو کتێبانەی لەزمانە بیانیەکانەوە وەرگێڕدراون وەک فەڕەنسیو ئینگلیزی بۆ کرمانجی، وتی:"زۆربەی ئەو کتێبانەی وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی، ئەدەبیو فەرهەنگین، پلانمان وایە کە کتێبی کۆمەڵناسیو هزری زمانی بیانیش وەربگێڕین بۆ زمانی کوردی".
شێخۆ کە ساڵانە دەیان کتێبی کوردی بڵاودەکاتەوە دەڵێت، "زۆربەی کتێبە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەدەبینو شیعریان تێدایە، بۆیه سەرەتا دەبێت کوردو نووسەرانی کورد لەخۆیان بپرسن چ جۆرە کتێبێکمان پێویستە؟ بەڕای من کورد پێویستی بەوەرگێڕانی زیاتر هەیە بۆ وەرگێڕانی کتێبە سەرەکیەکان بۆ سەر زمانی خۆیو ئێمەی کوردیش پێویستیمان بەکتێبی زانستیو فەلسەفی هەیە ئەمەش بەو مانایە نییە کە هیچ پێویستییەکی بەشیعری کوردی نییە، بەڵکو تەنها شیعرو ئەدەبیات بەس نییە بۆ کورد بۆیە داوا لەبەڕێوەبەرانو دامەزراوەکانی کورد دەکرێت لەم بوارەدا هەنگاوی جدی بگرنەبەر".
سهبارهت بهسوود وهرگرتنى شێوهزارهكانى كورد بهتایبهت سۆرانىو كرمانجى، شێخۆ تهئكیدیكردهوه، "من هەمیشە پێشنیازی ئەوە دەکەم کە زاراوەی کرمانجی سوود لەسۆرانی وەربگرێت، چونکە لەسۆرانیدا هەنگاوی گەورە نراوهو ئەم زاراوەیە لەکرمانجی نزیکە بۆیه دەبێت بەربەستی سیاسی لاببرێتو زمان نەبێتە ئامرازێکی سیاسی بۆ ئەوەی کورد لەیەکتر نزیکبێتەوە".
ئازاد داود سەرۆکی کتێبخانەی مانیسا کە بەشداریی یەکەم پێشانگای کتێبە کوردییەکانی شاری قامیشلۆی کردبوو، سەبارەت بەئاستی خوێندنەوە بەزمانی کوردی نایشارێتهوه، ئهو ماوهى شهش ساڵە کتێبخانەى كردۆتهوه، بەڵام وهكو وتى:"تائێستا بەڕای من خوێنەرانی زمانی عەرەبی لەزمانی کوردی زیاترن لهڕۆژئاواى كوردستان".
کتێبەکانی وەک توێژینەوەو لێکۆڵینەوە کەمن
ئازاد ئهوهشى وت:"بەزمانی کوردی کتێبەکانی وەک توێژینەوەو لێکۆڵینەوە زۆر دەگمەنن، بۆ نمونە، هیچ کتێبێک نییە بۆ یارمەتیدانی قوتابیان جگە لەکتێبەکانی قوتابخانەکەیان هەروەها کتێبخانەیەکم لەدیمەشق کردەوە، ئەوانەی زۆرترین کتێبیان دەکڕیو دەیانبرد خوێندکاری زانکۆ بوون بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو کتێبانە دەربهێنن، لەڕۆژئاوای کوردستان زۆربەی کتێبە کوردییەکانی فرۆشراو ڕۆماننو کتێبێکی زۆر کەم بەزمانی زانستی کوردی هەیە".
ش.هـ