خەریکی چییە؟ چارەنوسی لاهور شیخ جەنگی لەناو یەکێتى بەرەو یەکلاییبوونەوە دەچێت

کوردستان

22/06/2022‌ 10710 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لاهور شێخ جەنگی لە چەند ڕۆژی ڕابردودا مانۆرێکی خێرای سیاسی لە بەغدادی پایتەخت ئەنجامدا و چاوی کەوت بە هەموو ئەوانەی کە ڕەنگە لە کاتی هاوسەرۆکی یەکێتیشدا بە ئاسانی نەیتوانیانە لەگەڵیان دابنیشێت.

هەر لە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە تا دەگاتە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرکردەی سەرجەم حزبە باڵاکانی عێراق پێشوازییان لە لاهور شێخ جەنگی کرد، بەپێێ راگەیەنراوی دوای کۆبونەوەکانیش لاهور شێخ جەنگی ئەوەی ئاشکرا دەکرد کە کۆبونەوەکان زۆر سەرکەوتووبون و دڵخۆشی خۆی بە ئەنجامەکانی کۆبونەوەکان ڕادەگەیاند.

لاهور شێخ جەنگی کە ساڵێک بەر لە ئێستا هاوسەرۆکی خاوەن دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و تا رادەیەکی زۆریش بڕیاردەری سیاسی و ئیداری نیوەی هەرێم بوو، ئێستا بە بێ هیچ پۆستێکی سیاسی و ئیداری شەقامەکانی بەغداد و بارەگاو ئەنجومەنەکان دەگەرێت و  پرسیاری گەورەی لای لایەنگران و دۆست و نەیاریشی دروستکردوە کە ئاخۆ خەریکی چییەو چی لەم هەوڵانەی سەوز دەبێت.

لە کۆبونەوەی لاهور شێخ جەنگی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراقدا زەرفێک بوە جێی سەرنجی چاودێران و میدیاکان کە بە پێی زانیاریەکانی شارپرێس هەم سەردانەکەو هەم ئەو زەرفەی کە دەرکەوت تایبەت بوون بەو دۆسیەو سکاڵایانەی کە لەماوەی یەک ساڵی رابردودا لاهور شێخ جەنگی لە دادگاکان تۆماری کردوون لەسەر بەرپرسانی باڵای یەکێتی و خودی بافل تاڵەبانی هاوسەرۆکی ئەو کات و سەرۆکی ئیستای حزبەکە.
زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کە لاهور شێخ جەنگی بەشیک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیانەیەو مەبەستیەتی لەرێگەی دادگاوە بەشێک لە کێشەکانی چارەسەر بکات.

ئەگەر چی لە دوو مانگی ڕابردودا لاهور شێخ جەنگی جەختی لەوە کردۆتەوە کە هیچ نیازێکی بۆ دروستکردنی حزب نییەو بڕوای بە خەباتی پەرلەمانیش نەماوە، پێچەوانەی ئەو قسانە بەشێک لە کەسە نزیکەکانی باس لە دەرکەوتنی ئاسۆی دەمکەل دەکەن و وا نیشان دەدەن لاهور شیخ جەنگی بە جوڵەیەکی نوێی سیاسیەوە دێتەوە گۆرەپانی سیاسی هەرێم و عێراق.

کەسە نزیکەکانی لاهور شێخ جەنگی بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەو رێگایانەی کە ساڵێکە لێیان داخراون ئێستا وردە وردە دەکرێنەوەو لە دەرگاوە ئاسۆیەکی نوی بەدەر دەکەوێت.

لاهور شێخ جەنگی لەماوەی یەک ساڵی رابردودا ئەگەر چی هەر لەسەرەتاوە بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی لەدەرەوەی حزبەکە ناویان دەهێنا بەردەوام خۆی لەنیو یەکێتی دەبینیەوەو بەناوی یەکێتی و هاوسەرۆکی حزبەکەوە بەیاننامەی بلاو دەکردەوەو قسەی دەکرد و بە تەنیشت ئاڵای یەکێتیەوە پێشوازیی لە خەڵک دەکرد.

جیاواز لەمەش لاهور شێخ جەنگی بەردەوام باسی لەوەدەکرد کە ئەو نایەوێت لە دەرەوەی یەکێتی بیر بکاتەوەو یەکێتی بە موڵکی خۆی دەزانی و پێی وابوو کێشەکان هەموویان لە نیو یەکێتی چارەسەر دەکرێن نەک لەدەرەوە.

لەم نێوەندەدا دیار نییە کە ئاخۆ ئەم جوڵانەی لاهور شێخ جەنگی بەمەبەستی فشارکردنە بۆ سەر یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی تا بکەونەوە گفتوگۆ لەگەڵی و لە نێو یەکێتی جێی ببێتەوە یان نەخێر ئەوەی باسدەکرێت راستەو نیەتی دروستککردنی حزبێکی نوێی هێناوە.

یەکێک لەو کەسانەی کە لەسەردانەکاندا لەگەڵ لاهور شیخ جەنگی دەردەکەوێت و وەک رێکخەری کۆبونەوەکانیش وێنادەکرێت، ئاڵا تاڵەبانیی ئەندامی دورخراوەی سەرکردایەتی یەکێتییەو بوەتە جێی سەرنجی تەواوی چاودێران چونکە لە چەند مانگی رابردودا دوای بونی کێشەو ململانێ لەگەڵ سەرکردایەتی و هاوسەرۆکی حزبەکەی لە کاتی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێرقدا هاوشان لەگەڵ بافل تاڵەبانی دەرکەوت و مانۆرێکی سیاسی توندی بەڕێوەبرد بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانی یەکێتی، ئێستاش بەهەمان شێوە مانۆرێکی خێراو توند بەڕێوەدەبات بۆ دیادارەکانی لاهور شێخ جەنگی و لە میدیاو سۆشیاڵ میدیاش بانگەشەیەکی زۆر بۆ کۆبونەوەو دیدارەکان دەکات.

دیار نییە ئاخۆ بونی ئالا تاڵەبانی لەگەڵ بافل تاڵەبانی بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی لاهور شێخ جەنگی بوە یان بونی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بە ڕەزامەندی بافڵ تاڵەبانی بوە، یان بونی لەگەڵ هەردوکیان یارییەکەو لەو نێوەندەدا دەیکات و مەبەستیەتی لەهەردوو جەژنەکە نەبێت.

جوڵەکانی لاهور شێخ جەنگی بەزویی سۆشیاڵ میدیای تەنی و لێکدانەوەو کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بە جۆرێک بەشێک لە شەقام و چاودێران پێیان وایە کە لاهور شێخ جەنگی دەتوانێت بەم جوڵانەی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی بخاتە ژێر فشارەوەو گتوگۆی داهاتوی سیاسی ناوبراو لەنێو یەکێتی یان لەدەرەوەی یەكێتی لەگەڵ بکەن و،  بەشێکی تریش پێیان وایە چیدی بونی لاهور شێخ جەنگی و جوڵەکانی هیچ لە هاوکێشەی یەکێتی نوێ ناگۆڕن و بافڵ تاڵەبانی کە ئیستا ناسنامەی سەرۆکی یەکێتی وەرگرتوە سەرقاڵی قایمکردنی زیاتری پێگەکانی خۆیەتی لەنێو حزبەکە نەک بیرکردنەوە لە هێنانەوەی لاهور شێخ جەنگی و گەڕانەوە بۆ سەرەتای دێڕ.