شارپرێس:
نەتەوەیەکگرتووەکان عێراقی لەڕیزی ئەو پێنج وڵاتە داناوە کە لەسەر ئاستی جیهاندا زۆرترین زیانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایان بەرکەوتووە، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی لەدەستدانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەئەنجامی بەبیابانبوونو بەخوێبوونو کەمبوونەوەی ئاستی دابارینو شەپۆلی دوورودرێژی گەرماو شەپۆلەکانی خۆڵبارینەوە.
هەروەک بەگوێرەی ڕاپۆرتێک كە پێگەی "VOA"ی ئەمریکی بڵاویکردۆتەوە، پسپۆڕان پێشبینیدەکەن تاوەکو ساڵی 2040 عێراق خاوەنی هیچ ڕووبارێک نەمێنێتو سەرجەمیان وشک بکەن.
بۆ ئەوەش ڕاپۆرتەکە پێشنیازیکردووە، بەرپرسانی عێراق پەلەبکەن لەدەستبەرداربوون لەڕێگا کۆنەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئاو کە لەسەر بنەمای بوونی ئاوێکی زۆرو لافاو بونیادنراوە، نەوەک بەپێچەوانەوە.
بەگوێرەی لێدوانی عەزام عەلواش کە لەزانکۆی ئەمریکی لەسلێمانیی دەخوێنێتو دامەزرێنەری ڕێکخراوێکی ژینگەپارێزییە، تاوەکو ساڵی 1968 دیجلەو فوڕات بەهۆی ئاوی لافاوەکانەوە پڕبوونو دەشتەکانی عێراقیش بەوهۆیەوە سەوزو بەبەرەکەت بوون، بەڵام لەوساڵەوە تورکیا لەسەر سەرچاوەی سەرەکیی ئەو دوو ڕووبارە چەندین بەنداوی درووستکردو ئێرانیش لای خۆیەوە ئاراستەی ئەو ڕووبارانەی گۆڕیوە کە دەڕژانە ناو خاکی عێراقەوە.
هەروەک لەمانگی دیسەمبەری ساڵی ڕابردوو، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق هۆشداریدا لەوەی لەحاڵەتی بەردەوامی کەمبوونەوەی ئاوی دیجلەو فوڕات بەوشێوەیەی ئێستا کە بڕبرەی پشتی ئاوی شیرینی عێراق پێکدەهێنن، مەترسیی هەیە تاوەکو ساڵی 2040 بەتەواوەتیی وشک ببنو عێراق هیچ ڕووبارێکی تێدانەمێنێت.
لەم ماوەیەی دواییشدا، نەتەوەیەکگرتووەکان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوونو وشکەساڵی داوایەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە تێیدا داوایکرد، عێراق لەو کارەساتە بپارێزرێت، بەڵام شیکەرەوەو شارەزایان دەڵێن، مەترسییەکانی تورکیاو ئێران سەبارەت بەدۆسیەی ئاوو ئاڵنگارییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا، ئاستەنگی گەورەی بەردەم ڕزگارکردنی عێراق دەبن.
لەوبارەیەوە تۆبیاسڤۆن لۆساو هاوڕێی توێژەر لەپەیمانگای کلینجەندێلی هۆڵەندا بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وتویەتی:"چاودێران پێیانوایە، ڕێڕەوی ئاویی شەتاوی عەرەب ”شەتتولعەرەب"، کە دیجلەو فورات لەعێراقدا تێیدا بەیەکدەگەن، "درەنگیان زوو وشکدەبێت.
ڤۆن لۆساوهەروەک وتویەتی: "ئامانجی پڕۆژە ئاودێرییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا کاریگەریی زۆریان لەسەر ئاستی ئاوی عێراق هەبووە، بۆیە لەکۆتایی ساڵی 1970 ڕۆیشتنی ئاو بۆ عێراق بەڕێژەی 30-40% کەمیکردووەو ئەم دۆخەش بەردەوامە، گۆڕانی کەشوهەواو تێکچوونی ژینگەش ڕۆڵیان هەبووەو ئەم پرۆسەیە خێراتر دەکەن، هەربۆیە لەداهاتوودا وشکەساڵی زیاترو کەمیی ئاوو شەپۆلی خۆڵینو لمینی زیاتر لەعێراق دەبینرێت".