ئاگاتا کریستیی و عیراق

مەلەفی تایبەت

23/06/2022‌ 1106 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئەردەلان عەبدوڵا

ئاگاتا کریستی یەکێکە لە رۆماننووسە ناودارەکانی بەریتانیا و جیهان، لە ساڵی 1890 لە باشووری بەریتانیا لەدایک بووەو لەساڵی 1976 کۆچی دواییکردووە. ئەو بە دایکی رۆمانی پۆلیسی دادەنرێت و خاوەنی 66 رۆمانی پۆلیسییە و 14 کۆمەڵە چیرۆکی بڵاوکردۆتەوە، بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهانی کارەکانی وەرگێڕاوەو لە تەواوی جیهاندا کتێبەکانی ژمارەی پێوانەییان تێپەڕاندووە سەرو 2 ملیارد نوسخە لە کتێبەکانی چاپ و بڵاکراونەتەوە، بەمشێوەیەش دەبێتە یەکەمین نووسەری جیهان لەرووی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکان.
ئاگاتا کریستیی و عیراق
ئەوەی مایەی سەرنجە ئەم ژنە رۆمانووسە بەریتانییە پەیوەندییەکی ئێجگار تایبەتی هەبووە لەگەڵ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی و عیراق بەتایبەتی. لێرە دووەم مێردی دەناسێت و لێرەشەوە یەکێک لە چیرۆکە خۆشەویستییەکانی دەستپێدەکات. ئاگاتا کریستی لە ژیانیدا دوو رۆمانی لەبارەی عیراقەوە نووسیوە، یەکەمیان بەناونیشانی تاوانێک لە میزۆپۆتامیا Murder in Mesopotamia کە لە ساڵی 1936 دا بڵاویکردۆتەوە، یەکێکە لە رۆمانە ناسراوەکانی لە جیهاندا و کراویشە بە فیلم. زۆرجاریش ئەم رۆمانە بە ناونیشانی " تاوانێک لە عیراق" وەرگێڕاوە بۆ زمانی عەرەبی. دووەمین رۆمانیشی بەناونیشانی دیدارێک لە بەغداد They Came to Baghdad کە لە ساڵی 1951 دا بڵاویکردۆتەوە، ئەمیش یەکێکە لە رۆمانە جوانەکانیی.
پەیوەندی شەخسی

ئاگاتا کریستیی پەیوەندییەکی تایبەتی بە عیراقەوە هەبووە. ساڵی 1928 لەمێردی یەکەمی جیا دەبێتەوە، پاشان ساڵی 1929 سەردانی عیراق دەکات و دەچێتە ناوچەی ئوری مێژوویی، کەلەو کاتەدا لەلایەن شوێنەوارناسی بەریتانیا لیۆنارد ویلی سەرپەرشتی دەکرێت. لەو ماوەیە لەوێ دەبێت، لیۆنارد ویلی داوا لە ماکس مالوان شوێنەوارناس دەکات، کە هاورێیەتی ئاگاتا کریستی بکات و شوێنە گرنگەکانی عیراقی پێ بناسێت، لێرەشەوە چیرۆکێکی خۆشەویستی لە نێوان کریستیی ئەم شوێنەوارناسەدا پەیدا دەبێت. پاشان ساڵی 1930 ماکس مالوان دەچێتە لەندەن و ئاگا کریستی دەخوازێت. پاشان لەگەڵ مێردە نوێکەیەدا دەگەڕێتەوە بۆ عیراق و زۆر شوێنی ئەم وڵاتە دەبینێت و هەر لە باشوورەوە بۆ باکوور، ماوەیەکی زۆریش لە دەورووبەری شاری موسڵ دەمێنێتەوە.

پاشان ساڵی 1931 و 1932 دەستدەکرێت بە پشكنین بەدوای شوێنەواری عیراق لە شاری موسڵ، لەوکاتەدا ئاگاتا کریستی لەگەل مێردەکەی دەبێت و هاوکاری دەکات و زۆرجار پارچە شوێنەوارەکان پاک دەکاتەوە یان فۆتۆیان دەگرێت. پاشان دووبارە ساڵی 1933 و 1934 دێتەوە عیراق، ماوەیەکی زۆریش لەگەل مێردەکەی دەبێت لەناوچەی " تل عربجیة" . پاشان ساڵی 1947 ماکس مالوانی مێردی دەبێتە بەرێوەبەری قوتابخانەی بەریتانی بۆ شوێنەوار لە عیراق، کە سەرپەرشتی هەموو تیمەکانی گەڕان و پشكنین بەدوای شوێنەواری عیراق دەکات، بەتایبەتی هەڵمەتی پشکنین بەدوای شوێنەواری ناوچەی نەمورد کە لە ساڵی 1948 ەوە تاوەکو 1958 ی خایاند.
ئەم پەیوەندییە رۆحییە، کاری کردۆتە سەر ئەم ژنە، دەتوانم بڵێم کاریگەریییەکی باشی هەبووە، بۆیە توانیویەتی دوو رۆمانی جوان بەناوی عیراقەوە بنووسێت.
رۆمانی تاوانێک لە عیراق
لەماوەی پێشوودا چاوم کەوت بە رۆمانی " تاوانێک لە عیراق" کە بەزمانی عەرەبی خوێندمەوە، لێرەدا پێمخۆشە کورتەیەک لەبارەی ئەم رۆمانەوە بنووسم، هەرچەندە تەواوی کەسایەتی ناو رۆمانەکە ئەوروپیی و ئەمریکین بەڵام لە هەندێک شوێندا تێڕوانینی خۆی لەبارەی گەل و وڵاتی عیراقەوە دەڕبڕیوە.
کورتەی رۆمانەکە
ئامی لیتەران سیستەرێکی بەریتانییە کە لە بەغدا کار دەکات، پاشان لەسەر داوای دکتۆر ئیریک لایدنەر کە شوێنەوارناسێکی سویدیە، لە ناوچەی موسڵ کار دەکات و بەدوای شوێنەوارەکانی عیراقدا دەگەڕێت. ژنەکەی "لویز" بەدەست کۆمەڵێک کێشەی دەروونییەوە دەناڵێنێت، بۆیەدا داوا لە ئامی دەکات کە بێت ئاگاداری لویزی ژنی بێت. لویز پێش 15 ساڵ شووی بە پیاوێکی ئەڵمانی کردووە بەناوی فریدریک بۆسنەر، ئەم پیاوە لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانیدا لە ئەمریکا ژیاوەو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کاریکردووە، بەڵام پاشان ئاشكرا دەبێت کە سیخوری بۆ دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا دەکات، بۆیە دەستگیر دەکرێت و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت و وەکو خائین حسابی بۆ دەکرێت. بەڵام بۆسنەر لە زیندان رادەکات و پاشان لە روودای نێوان دوو شەمەندەفەردا، لاشەیەک دەدۆزنەوەو کە ناسانەمەکی ئەوی لەسەرە.
لویز لەماوەی ئەو چەند ساڵەی پێشوودا هەمیشە نامەی هەڕەشە ئامێزی لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە پێدەگات، ئەو کەسە هەڕەشەی ئەوەی لێدەکات، ئەگەر شوو بکات، ئەوا دەیکوژێت. ئەمەش لویز تووشی حاڵەتێکی دەروونی خراپ دەکات. بەڵام پێش دوو ساڵ شوو دەکات بەم شوێنەوارناسە سویدییە، لەوکاتەوە ئیتر نامە هەڕەشە ئامێزەکان نەماون، بەڵام ماوەیەکە دووبارە ئەو نامانەی بەدەست دەگاتەوە.
پاش هاتنی ئامی بە هەفتەیەک لویز دەکوژرێت، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی پارچەیەک بەردی گەورەی مێژووییەوە، ئەم کوشتنەش دەبێتە لوغز و نهێنییەکی گەورەو تەواوی ئەو کەسانەی دەورووبەری لویز هەن تاوانبار دەکرێن یان گوومانیان دەخرێتە سەر.
بەڵام پاشان لەلایەن پزیشكی توێکارییەوە" دکتۆر رایلی" کاتەکەی کوشتنەکە دیاری دەکرێت، لەهەمووشی گرنگتر لەوکاتەدا کۆمیساری ناوداری بەلجیکی " هیرکیول بوارو" لە عیراق دەبێت، کە هاوڕێی دکتۆر " رایلی" یە. جێگەی ئاماژەیە ئەم کۆمیسارە لە زۆربەی رۆمانەکانی ئاگاتا کریستیدا بوونی هەیە. بوارو دەستدەکات بە پشکنین و لێکۆڵینەوەو دواتریش دەتوانێت تاوانبارەکە بدۆزێتەوە.
سەرەتای گومانەکان بەو شێوەیە دەستپێدەکات، کاتێک مەدام جۆنسۆن کە هاوکاری دکتۆر لایندەرە ، دەڵێت ئەو شەوەی کە تاوانەکەی تێدا ئەنجام درا ، من گوێم لە دەنگی هاوارێک بوو لە ژوورەکەی لویز، ئەمەش دەبێتە سەرەداوێکی گرنگ بۆ دۆزینەوەی تاوانبارەکە. بەڵام لەپاش ئەوەی مەراسیمی بەخاک سپاردنی لویز تەواو دەکرێت، بۆ شەوەکەی جۆنسۆنیش دەکوژرێت. ئەمەش لەرێگەی ژەهراویکردنییەوە لەرێگەی گۆزەی ئاوەکەیەوە. بەڵام ئەو شەوە ئامی گوێی لە دەنگی جۆنسۆن دەبێت، کە هاوارا دەکات: پەنچەرەکە پەنچەرەکە.واتە کەسێک لە پەنچەرەکەوە هاتۆتە ژوورەوە ئەمی ژەهراویخوارد کردووە.
لێرەوە ئامی زۆر دەترسێت بەڵام کۆمیسار بوارو ئارامی دەکاتەوەو دەستدەکات بە پشکنین و دواجار تاوانباری سەرەکی دەەدۆزێتەوە کەئەویش مێردەکەی لویزە. بۆسنەری مێردی پێشووی، لەکاتی رووداوەکانی شەمەندەفەرەکە لەناو ڤارگۆنەکەدا ناسنامەی شوێنەوارنسێکی سویدی بەناوی دکتۆر لایندەر دەدزێت و ناسنامەکەی خۆی دەخاتە سەر لاشەکەی ئەو. پاشان لەرێگەی نامەوە هەڕەشە لە لویزی ژنی دەکات و دواتر پاش چەندین ساڵ لەرێگەی گۆڕینی ناسنامەکە و شێوازی دەمووچاوی، دووبارە لویز دەهێنێتەوە و کەسیش نازانێت کە ئەوە بۆسنەرە. بەڵام پاشان کاتێک بۆسنەر دێتە عیراقەوە، هەست دەکات کە ژنەکەی مەیلی بۆ لای شوێنەوارناسێکی هاوکاری ئەمریکی بەناوی ' ریشارد کاری" هەیە. بۆیە ئێرەیی زۆر دەبێت و دووبارە دەستدەکاتەوە بەنووسینی نامەی هەڕەشە ئامێز و دواجاریش هەر خۆی دەیکوژێت و هەر ئەویش جۆنسۆن دەکوژێت کە پێشتر هاوکاری بووە،چونکە ترسی ئەوەی هەیە کە جۆنسۆن ئاشکرای کردبێت.
شێوازی نووسین
ئەم رۆمانە زیاتر لە بیۆگرافییەوە نزیکە، رۆمانەکە لەلایەن ئامی لایتەرانەوە دەنووسرێت و ئەو دەبێتە گێڕەوەڕ. وەکو خۆشی لە پێشەکی رۆمانەکەدا دەڵێت، کە ئەو لە رووی شێوازی نووسینەوە کێشەی هەبووەو بەلاشیەوە نووسین کارێکی زەحمەت بووە.
ئاگاتا کریستی هەوڵیداوە وەکو هەموو رۆمانەکانی تری بە زمانێکی ئاسان قسە لەگەڵ خوێنەر بکات، ئەمەش بە پشت بەستن بە رەگەزە گرنگەکانی رۆمانی پۆلیسی، لەوانە: " کتوپڕ، دروستکردنی رووداو، کەسایەتی، کات و شوێن، دیالۆگ، مۆنۆلۆگ، گرێی ئەدەبی" لەهەمووشی گرنگتر دووبارە لەم رۆمانەشدا پشکنەری ناسراو " هیرکیول بوارو " تێدایە، کە لە بەشێکی زۆری رۆمانەکانیدا ئەم کۆمیسارە بوونی هەیە و بۆتە یەکێک لە هێماکانی رۆمانەکانی کریستی. هەروەها ئەوەی مایەی سەرنجە کە لە کۆتایی رۆمانەکەدا بەشێوەیەکی کتوپڕ تاوانبارەکە دەدۆزێتەوە کە دەبێتە مایەی سەرنجی خوێنەران.
عیراق
وەکو پێشتریش وتم کە لەم رۆمانەدا تەواوی کەسایەتیی ناو رۆمانەکە ئەوروپیی و ئەمریکین، کەسایەتی عیراقی کەمی تێدایە و رۆڵی لاوەکیان هەیە، بەڵام وەکو شوێن، عیراق دەبێتە مەیدانی سەرەکی رۆمانەکە. بەتایبەتی شارەکانی بەغدا و موسڵ و کەرکوک . لە کاتی باسکردنی شاری بەغدا و حوسینییەوە، تێڕوانینیکی باشی نییە لەبارەی عیراقەوە.
لەکاتی باسکردنی بەغدادا بەمشێوەیە دەنووسێت:
بەغدا ئەو شارە خەیاڵییەی کە ئێمە لە رێگەی چیرۆکەکانی هەزارو یەک شەوە لە ئەندێشەی خۆماندا دروستمانکردووە، بەڵام وێنە هەقیقەیەکەی تەواو دوورە لە راستییەوە. راستە ئەم شارە لەسەر ئاوی دیجلەیە و جوانییەکی پی بەخشیووە، بەڵام کاتێک میجەر کلس بردمی بۆ ناو بازاڕەکە، زۆر ناخۆشبوو، دوکانەکانی هیچ جوانییەکیان پێوە دیار نییە. دوکانی مسگرەکان ژاوەژاوێکی زۆریان دروستکردووەو من تەواو بێزار بووم لەو دەنگە ناخۆشانە.
پاشانیش کاتێک باسی شاری حوسینییە دەکات دەڵێت:
لە دوورەوە شارەکە جوان دیار بوو، بەڵام کاتێک چووینە ناوەوە زۆر ناخۆش و پیس و پۆخڵ بوو.
دوا قسە:
راستە ئاگا کریستی بۆچوونێکی باشی نەبووە بەرامبەر شارو شارۆچکە و تەنانەت خەڵکی عیراقیش، ئەویش وەکو زۆربەی بەریتانییەکان بیری کردۆتەوە، کە وەکو د،عەلی وەردی دەڵێت: لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، بەغدا بەلای ئینگلیزەکانەوە گوزارشتی لە گوندێکی گەورە دەکرد لە چاو لەندەندا. بەڵام ئەوەی گرنگە کە ئەم وڵاتە بۆتە ئیلهمابەخش بۆیی و دوو رۆمانی جوانی بەناوی ئەم وڵاتەوە نووسیوە.
لەهەمووی گرنگتر عیراق سەردەمانێک بەتایبەتی لەسەردەمی بەریتانیدا کۆمەڵێک نووسەر و بیرمەندی جیهان سەردانیان کردووەو مایەی گرنگی پێدانیان بووە، بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەو گرنگی پێدانەی جارانی نەماوە، لەمەشدا رەوشە سیاسییەکە هۆکاری سەرەکییە.
سەرچاوە:
اجاثا کریستي. الجریمة في العراق. مرکز العربي للنشر بالاسکندریة. مصر.
محسن حسين .أجاثا كريستي وعلاقتها بالعراق. www.azzaman.com