هاوپەیمانی فەتح یەکەم پەیام بۆ بەشدارینەکردن لە حکومەت ئاڕاستەى پارتى دەکات

عیراق

24/06/2022‌ 6060 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەڕلەمانتارێکی سەر بە هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتیی هادی عامریی رایگەیاندووە کە دەکرێت لایەنە سیاسییەکانی عێراق بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان حکومەتی داهاتووی عێراق پێکبهێنن.

 غەزەنفەر شەمەری پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە:دەکرێت بێ بەشدارییکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان هەنگاو بەرەو پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو بنرێت، بەتایبەت کە دوای سەرکەوتنی پەڕلەمانتارە نوێکان لەجێگای پەڕلەمانتارەکانی کوتلەی سەدر ئێستا ژمارەی پەڕلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگیی گەیشتۆتە نزیکەی 160 پەڕلەمانتار، ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر خێراکردنی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت لەدوای کۆتایی پشووی یاسادانانی پەڕلەمان.

شەمەری هەروەک وتویەتی: بۆ تەواوکردنی ڕێژەی یاسایی کۆبوونەوەی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویستیان بە 60 پەرلەمانتاری تر دەبێت، بەڵام بەهۆی هاتنی پەڕلەمانتارە تازەکانەوە ئاسۆیەکی نوێ بۆ سازانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگیی و هاوپەیمانی سیادەی سوننەکان درووست بووە.

بەوتەی پەڕلەمانتارەکەی هاوپەیمانی فەتح، هەرچەندە چوارچێوەی هەماهەنگیی لەگەڵ بیرۆکەی دوورخستنەوەی پارتی لە پڕۆسەی سیاسییدا نییە، بەڵام ئەگەر بێت و ئەو پارتە لەسەر هەڵویستەکانی سوور بێت، ئەوە دەکرێت لەبەشدارییکردن لە حکومەت بێبەش بکرێت، بەوپێیەی چوارچێوەی هەماهەنگیی ڕێگە نادات هیچ لایەنێک ویستی خۆی بەسەر لایەنەکانی تردا بسەپێنێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی