سوید بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ مەزڵوم کۆبانى وەڵامی تورکیا دەداتەوە

عیراق

24/06/2022‌ 2625 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا سوید لەدانوستاندندایە لەگەڵ تورکیا بۆئەوەی ئەنکەرە ڤیتۆی بەئەندامبوونی ئەو وڵاتە ئەوروپاییە لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسیی (ناتۆ) لابەرێت، لەوکاتەدا تەلەفزیۆنی فەرمیی سوید چاوپێکەوتن لەگەڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات کە لای تورکیا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هەژمار دەکرێت و داوا دەکات ستۆکهۆڵم دەستبەرداری پشتیوانیکردنیان بێت.

لەچاوپێکەوتنەکەی عەبدی لەگەڵ تەلەفزیۆنی سوید وتویەتی: هێزەکانیان بەرپەرچی هەر هێرشێکی گریمانکراوی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەدەنەوە، هەروەک جەختیشی لە پێویستی بەردەوامبوونی پشتیوانییەکانی سوید لە هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردۆتەوە، ئەوەشی بە پشتیوانییەکی سیاسیی و ئەخلاقی زانیوە.

جێگای باسە لە مانگی ئایاری ئەمساڵیش تەلەفزیۆنی حکوومیی سوید لەناو یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە رۆژئاوای کوردستان چاوپێکەوتنی لەگەڵ ساڵح موسلیمی هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کرد کە یەکێکە لە کەسە داواکراوەکان لەلایەن تورکیاوە.

چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی حکوومیی سوید لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی رۆژئاوای کوردستان لەکاتێکدایە کە لە 18ی مانگی پێنجەوە سوید و فینلەندا داواکاریی فەرمییان بۆ بەئەندامبوون لە ناتۆ پێشکەش کردووە، بەڵام تورکیا بەپاساوی پشتیوانیکردنی هێزە کوردییەکانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان دژی بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە ئەسکەنداناڤییە وەستاوەتەوە.

لەماوەی رابردووشدا رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا رایگەیاندبوو کە رازی بوونی وڵاتەکەی بە وەرگرتنی سوید و فینلەندا لە ناتۆ، مەرجە بە رەچاوکردنی مەترسییە ئەمنییەکانی تورکیا لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بەوەی دەبێت ئەو دوو وڵاتە دەست لە پشتیوانیکردنی کوردانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان هەڵبگرن .
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی


بەپەلە