دۆزینەوەی یەکێک لەکۆنترین مزگەوتەکانی مێژوی ئیسلام لەئیسرائیل

هەمەڕەنگ

27/06/2022‌ 132 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زانا شوێنەوارناسەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، لەباشووری ئەو وڵاتەو لەکاتی پڕۆسەی دروستکردنی گەڕەکێکی نوێ لەشاری ڕەهت، پاشماوەی مزگەوتێکی شوێنەوارییان دۆزیوەتەوە کە گومان وایە بۆ پێش ساڵی 1200ی زاینی بگەڕێتەوە.

زانا شوێنەوارناسەکانی ئیسرائیل لەبەیاننامەیەکدا وتویانە، مزگەتە شوێنەوارییەکە دەکەوێتە بیابانی نەقەب، لەژوورێکی چوارگۆشەو دیوارێکی ڕووی لەمەککەیە، لەو دیوارەدا میحرابێکی نیمچە بازنەیی تێدایە ئاماژە بەباشوور دەکات.

لەبەیاننامەکدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەم تایبەتمەندییە تەلارسازییە ناوازانە دەریدەخات کە بیناکە وەک مزگەوتێک بەکارهاتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەوانەیە لەیەککاتدا  دەیان نوێژخوێن نوێژیان تێدا کردبێت.

جگەلەوەش لەدوورییەکی کەم لەمزگەوتەکەوە باڵه‌خانەیەکی گەورە دۆزراوەتەوە، کە چەندین پاشماوەی چەقۆو شوێنەوارە شووشەیی تێدا بووە.

دەسەڵاتی شوێنەواریی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، ئەو مزگەوت‌و خانووبەرەو باڵەخانانەی دیکە کە لەناوچەکەدا دۆزراونەتەوە، تیشکدەخەنەسەر "ئەو پرۆسە مێژوییەی لەباکووری بیابانی نەقەب لەگەڵ هاتنی ئایینی ئیسلامیدا ڕوویداوەو حوکم‌و کولتوورێکی نوێ زاڵبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو دەسەڵاتە تازە دامەزراوە وردە وردە بۆتە میراتگریی دەسەڵاتی پێشووی بیزەنتین‌و ئایینی مەسیحیی کە بۆماوەی سەدان ساڵ بەسەر ئەو خاکەدا زاڵبووە".

و: ئاکۆ ئاڵی