ئیندۆنیزیا: ژنێک دوای 10 مانگ لە شووکردنی ئینجا زانیویەتی هاوسەرەکەی ژنە

هەمەڕەنگ

27/06/2022‌ 582 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە وڵاتی ئیندۆنیزیا و لە حاڵەتێکی سەیر و سەرنجراکێشدا ژنێک دوای نزیکەی 10 مانگ لە شووکردنی ئینجا بۆیدەرکەوتووە کە هاوسەرەکەی لەراستیدا پیاو نییە، بەڵکو ژنێکی قۆڵبڕە، هەربۆیە لەدادگا سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە.

بەگوێرەی رۆژنامەی " تریبیۆن نیوز"ی ئیندۆنیزی، سەرەتای یەکتر ناسینی ئەو دوو هاوسەرە لەڕێگای ئەپێکی یەکترناسینی ئینتەرنێتەوە بووە و "مێردەکە" بەناوی ئەحنەف ئەراڤیڤ لە شاری گامبی ئیندۆنیزیا خۆی ناساندووە.

دواتر چەند جارێک لە لەدەرەوە یەکتریان بینیوە و لەبارەی هاوسەرگیرییەوە قسەیان کردووە، تەنانەت ئەحنەف ماوەی هەفتەیەک لەماڵی کچەکە ماوەتەوە و لە خزمەتکردنی دایک و باوکە نەخۆشەکەیدا، یارمەتیی خۆشەویستەکەیداوە.

باس لەوەشکراوە کە تەنیا دوای چەند هەفتەیەک لە یەکترناسینیان، ئەحنەف داوای لە کچەکە کردووە هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکات، بۆئەوەش بەفەرمیی سەردانی ماڵی دایک و باوکی کچەکەی کردووە و ئەوانیش پێشکەشیان کردووە.

دوای تیپەڕبوونی چوار مانگ بەسەر مارەکردنی کچەکەیاندا ماڵەکە گومانیان لە زاواکەیان بۆ درووست بووە، بەوپێیەی هێشتا هیچ کەسێکی خێزانەکەیانی بۆ ماڵی دەستگیرانی نەهێناوە، جگە لەوەی سەرەرای بانگەشەکردنی بۆئەوەی کە پزیشکی مێشک و دەمارە و لە نیویۆرک خوێندوویەتی، بەڵام بەردەوام دەست بەتاڵ بووە و هەرکاتێک تەلەفۆنیان بۆ کردبێت خێرا گەیشتۆتە ماڵی دەستگیرانەکەی.

ئەوەی زیاتر گومانی لەلا درووستکردوون ئەوە بووە کە لەماڵی دەستگیرانەکەیدا بەجلەوە خۆی شتووە و لەبارەی نائاسایی بوونی سنگیشییەوە، مێردەکە وتویەتی کە بابەتەکە هەموو گرفتێکی هۆڕمۆنییە و هیچیتر.

لەکۆتاییدا ماڵی کچەکە زاوایان ناچارکردووە جلوبەرگەکانی دابکەنێت بۆئەوەی بیسەلمێنێت کە پیاوە، لەوکاتەدا ماڵەکە هەموو راستییەکانیان بۆ ئاشکرا دەبێت و دەردەکەوێت کە هەرچی وتویەتی درۆ بووە و لەکچێکی تەڵەکەباز زیاتر هیچی تر نەبووە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی