شارپرێس:
کۆمپانیای بیجۆی فەرەنسیی ئۆتۆمبێلێکی نوێی دەرکردووە کە بەشێک لە
چاودێرانی بواری پیشەسازیی ئۆتۆمبێل وەک جوانترین ئۆتۆمبێلی گەنجانە وەسفی دەکەن،
بەوپێیەی دیزاینێکی ناوازەی ئەوتۆی هەیە کە لەیەک کاتدا رواڵەتێکی هێرشبەرانە و
هێز و نوێگەریی پێبەخشیوە.
جیاوازیی ئۆتۆمبێلە نوێکەی بیجۆ هەر لە بۆدییەکەی و ڕواڵەتی دەرەوەیدا
نییە، بەڵکو بەشی ناوەوەشی زۆر کەشخە و سەرنجراکێشە و هەموو رەگەزەکانی نوێگەریی و
ناوازەیی تێدایە، هەروەک داشبۆردییەکەشی نوێترین شاشەی لەمسیی تێدایە کە
تاڕاددەیەکی زۆر دەستبەرداریی دوگمە کلاسیکییەکان بووە.
ئۆتۆمبێلەکە درێژییەکەی 4 مەتر و 68 سانتیمەترە
و بەرزییەکەشی 147 سانتیمەترە،
تایەکانیشی زۆر تایبەتن و قەبارەکەیان لەنێوان 17 بۆ 20 ئینچدایە، لەناوەوەی ئۆتۆمبێلەکەدا دوو ریز جڵدی ئاسوودەی تێدا بەکارهاتووە کە
سیستەمەکانی فێنککردنەوە و گەرمکردنەوە و سیستەمی شێلانی پشتی تێدایە.
هەرچی تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی تری ئۆتۆمبێلەکەن بریتین لە:
بوونی سیستەمی بینینی شەوانە و نوێترین سیستەمی موڵتیمیدیا و 10 بڵندگۆی
ئاست بەرز.
سیستەمی گونجانی خێرایی لەڕێگای 9 راداری پێشکەوتوو کە بەشێوەی
ئۆتۆماتیکی کۆنترۆڵی خێراییەکە دەکەن.
بوونی سێنسەری رووناکی و باران و سێنسەری دیاریکردنی مەودا و کامێرای
بینینی هەموو لاکانی ئۆتۆمبێلەکە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی