تاقیکردنەوەکان هەرێمی کوردستان لە جیهان دادەبڕێت

کوردستان

27/06/2022‌ 1179 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ساڵ، ساڵی 2022ە... جیهان ڕۆژانە لەبەردەم چەندین گۆڕانکاریی گەورەی تەکنەلۆژیی و پزیشکی و زانستیدایە، ئەو هەسارانەی کەس هەرگیز بە خەیاڵیش بیری لێ نەدەکردنەوە، ئەمڕۆ بوونەتە ڕاستی و بونیان هەیە.

ئەگەر ڕۆژگارێک خەڵکیی بەهۆی کێشەکانی دڵیانەوە بمردنایە، ئەمڕۆ زانستی پزیشکی دەتوانێت دڵی نوێ لە مرۆڤدا بچێنێت... سوپاکانی جیهان لە شەڕی تەقلیدیی و جوڵاندنی هێزەوە، ئێستا بە کلیکێک و یەک درۆن دەتوانن کامە نەیاری خۆیانە لەناوی ببەن.

پێشەکەوتنەکان هیندە خێران کەوڵاتان پێشبرکێی ئەوەیانە کامیان دەتوانێت زوتر دەستو پەنجە لەگەڵ پێشکەوتنەکان نەرم بکات و خۆی لەگەڵیان بگونجێنێت.

لەم جوڵە خێرایەی زانست و تەکنەلۆژیای جیهاندا، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان کاتێک تاقیکردنەوە وەزارییەکانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی ئەنجامدەدەرێت، دیاردەیەک ڕوودەدات کە ئەگەر هەر هاووڵاتیەکی بیانی ڕۆژێک بیبیستێ هەم بۆی دەبێتە مایەی شۆک هەم جێی پێکەنینیش.

ئەویش بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێتە، بە ناوی ڕێگری لە دیاردەی گزی کردن و قۆپکەکردنەوە لەلایەن قوتابیان و خوێندکارانەوە.

ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی تەواوی دانیشتوانی هەرێم دەبنە قوربانیی بڕیارێکی حکومەت و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک هەرێمی کوردستان لە تەواوی جیهان دادەبڕێت و ئەگەر لەو ماوەیەدا چەکی ئەتۆمیش لە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا بەکاربهێندرێت، ئەوا دانیشتوانی هەرێم دواین کەس دەبن لە جیهاندا کە پێی بزانن.

گەوروە کۆمانیاو دەزگاکانی راگەیاندن و سەنتەرەکانی پەیوەندی و خزمەتگوزاریی و سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەت، هەموو ئەو شوێن و دامەزراوانەی کەسود لە تەکنەلۆژیا دەبینن بۆ کاروبارەکانی رۆژانەیان زیانمەندی ئەم بڕیارەن و هیچ کەسیش بیری نەکردۆتەوە چارەسەرێک و جێگرەوەیەک بۆ ئەو بڕیارە بدۆزێتەوە.

کەسانێکی زۆر لە فەرمانگەکانی حکومەتدا لە کاتژمێر ٨ بەیانی تا دوای کاتژمێر ١٠ دەبێت لە چاوەروانیی هاتنەوەی هێلەکانی ئەنتەرنێتدان و کە ئەنتەرنێتیش دێتەوە وەک موژدەیەکی خۆش تەماشا دەکرێت و بە لێشاو مامەڵەی هاوڵاتیان ڕو لە فەرمانبەرانی فەرمانگەکان دەکەن، ڕەنگە بەڕێوەبەرێتی پاسپۆرت باشترین نمونەی ئەم دیاردەیە بێت.

ئەو رۆژانەی کە تاقیکردنەوە هەیەو هێلەکانی ئەنتەرنێت ڕادەگیرێن، بەشێکی زۆر لە فەرمانگەکان کارمەندان و فەرمانبەرانیان سەرلەبەیانی و لە کاتی دیاریکراودا ناچنە فەرمانگەکانیان بەبیانوی ئەوەی هێڵەکانی ئەنتەرنێت نییە ناتوانن کارەکانی هاولاتیان رایی بکەن، تا ئەنتەرنێت دەکرێتەوە ئەوان لە ماڵەوە پشوو دەدەن یان لە بازارەکان پیاسەو دەمەتەقێی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدەن.

بەڕای شارەزایانی پەروەردە گرفتی سەرەکی لە خودی سیستمی پەروەردەدایە، کە سیستمێکە خوێندکاران لە جیاتی ئەوەی ناچار بە خۆشەویستی زانست و فێربوون بکات، ناچاریان دەکات غەش بکەن بۆئەوەی لە تاقیکردنەوەکاندا سەرکەوتوو بن.

لایەنی یاسایی لەم کارەدا بە سودی هاووڵاتیانە، چونکە وەک شارەزایانی یاسایی دەڵێن هاووڵاتی دەتوانێت سکاڵا لەسەر ئەو کۆمپانیایە تۆماربکات کە ئەو بەکارهێنەری هێڵەکەیەتی، بەوپێیەی لە هیچ یاسایەکی کۆمپانیاکەدا ئاماژە بە بڕینی هێڵی ئینتەرنێت بۆ ئەو مەبەستە نەکراوە و لە گرێبەست و فۆرمی زۆربەی کۆمپانیاکانیش ئاماژە بەوەکراوە کە ئەگەر زیان بە بەکارهێنەرانی هێڵەکان کەوت کۆمپانیا دەبێت قەرەبویان بکاتەوە.

ئەگەر دەوترێت بە هۆی بەرژەوەندیەکی گشتیەوە هێلەکان رادەگررێن و کۆمپانیاکان بێتاوانن لەو بوارەدا ئەوە بە پێی قسەی کەسانی یاسایی کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتیش دەتوانن سکاڵا لەسەر وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم تۆماربکەن، بەو پێیەی هیچ دەقێکی یاسایی نیە کە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت ناچار بکات هێڵەکانیان لە بەکارهێنەرەکانیان ببڕن.

بێدەسەلاتی حکومەت لە کۆنترۆڵکردنی هۆڵەکانی تاقیکردنەوە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی تر یەکێکە لەو بابەتانەی کە پێویستە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردەو لایەنە پەیوەندیدارەکان بیری لێبکەنەوەو دەست بۆ بژاردەی تر ببەن نەک بەردەوام بن لەسەر هەمان میکانیزم، چونکە سالانی داهاتوو پێشکەوتەنەکان هێندە خێراتر دەبن کە رەنگە برینی تۆڕ و هێڵەکانی ئەنتەرنێتیش سودێکی نەبێت بۆ کۆنترۆڵی پرۆسەکە.

بەپەلە