کابینەی نۆیەم لە نێوان زیادکردنی باج و داهات و چاکسازیدا

کوردستان

28/06/2022‌ 903 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

داهاتی هەرێم زیادی کردووە، کەچی هاوڵاتیان زیانیان بەرکەوتووە، حکومەت دەڵێت باج ڕێکخراوەتەوە و بازرگانەکانیش کاڵا لەسەر خەڵک گران دەکەن.

  هەر لە سەرەتای گفتوگۆکانی پێکهێنانییەوە، لایەنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، زۆرترین قسەیان لە بارەی چاکسازییەوە کرد و بووە خاڵی هاوبەش و کۆکەرەوەی هەر سێ لایەنەکەی پێکهێنەری حکومەت.

لە وتاری دەستبەکاربوونیشیدا سەرۆکی حکومەت بە ڕونیی چاکسازی لە سەرجەم سێکتەرەکاندا وەک دەستکەوتێکی گەورە لە ناو بەرنامەی کاری کابینەکەیدا وێنا کرد.

لە دوای تێپەڕبوونی تەمەنی کابینەکە کە نزیکەی چوار ساڵە، ڕێکخراوی ستۆپ لە ڕاپۆرتێکیدا بە ناونیشانی هەڵسەنگاندنى چاکسازى دارایی لە کابینەى نۆیەمدا، چەند زانیارییەکی گرنگی لە بارەی داهاتی ناوخۆ و بڕیار و ڕاسپاردەکان لە بارەی چاکسازی هاوکات ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەوە بڵاو کردووەتەوە کە باج بە حکومەت دەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی ستۆپ داهاتی ناوخۆ لە دە سالی ڕابردودا ڕێژەکەی بەرزبووەتەوە و لە کابینەی نۆیەمیشدا ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی باج توند کراونەتەوە، بە جۆرێک سالی ٢٠١٢ بری داهات لە ڕێگەی باجەوە ١٢٨ ملیار دینار بووە و ڕێژەکە لە ٢٠٢١ دا گەیشتووەتە ٧٩٦ ملیار دینار، بەو پێیەش لە ماوەی دە ساڵدا داهاتی باج لە سەدا ٦٢١ زیادی کردووە.

پرسی زیادکردنی باج لە کابینەی نۆیەمدا لەو پرسانەیە، کە زۆرترین قسە و هاوکات گلەیی هاوڵاتیانی بە دوای خۆیدا هێناوە، بە جۆرێک بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێم دەڵێن حکومەت تەنیا باجی زیاد کردووە و بۆ ئەوەش پشتی بە هیچ دەقێکی یاسایی نەبەستووە لە بەرامبەریشدا  
بەڕێوەبەری گشتی باج و دەراماتەکان، باس لەوە دەکات باج زیاد نەکراوە، بەڵکو تەنیا رێکخراوەتەوە، چونکە پێشتر هەرێمى کوردستان بودجە و شایستەى دارایی لە بەغدا بۆ هاتووە، کەمتر پشت بە داهاتى ناوخۆ بەستراوە و لە وەرگرتنى باج و رسومات چاوپۆشی کراوە، بەڵام لە ئیستادا بەگوێرەى زانیارییەکان بە ٤١٧ رێگا باج ‌و رسومات و کرێ و سزاکان وەردەگیرێت ‌و دەبێتە سەرچاوە داهاتى نانەوتى بۆ حکومەتی هەرێم.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی ستۆپ، حکومەتی هەرێم لە دوای سالی ٢٠١٦ەوە بە پشت بەستن بە ئەحکامى مادەى هەشتەم لە یاساى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە زۆربەی وەزارەتەکاندا بڕی باجی زیاد کردووە، لەوانە، لە تاپۆکردنی خانوبەرەدا وەرگرتنی باج لە سەدا یەکەوە کراوەتە سەدا سێ، لە کاتێکدا بە پێی مادەی ٢٨ی دەستوری عێراق سەپاندنی باج یان رسوماتێک زیادکردن و کەمکردنەوەی یان لێخۆشبون لێی پێویستە بە یاسایەک بێ کە لە پەرلەمانەوە دەرچووبێت، بەپێچەوانەوە بە رێنمایی یان بە بریاری حکومەت یان وەزیر سەپێندرابێ پووچەلە.

زیادبوونی باج و رسومات لە زۆرینەی سێکتەرەکاندا لە لایەن حکومەتەوە وەک هۆکارێکی زۆربوونی داهات تەماشا دەکرێت و بەرپرسانی حکومەتیش دەڵێن کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازاڕ و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی دروست کردووە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی ستۆپ، سیاسەتى ئابورى و دارایی حکومەت بەتایبەت مامەڵەى لەگەڵ داهاتى نانەوتى لە کۆکردنەوەى باج و رسومات وایکردووە بەشێکی زۆر لە بازرگانەکان نرخی کاڵاکان لە بازاردا بەرزتر بکەنەوە و ئەوەش بارگرانیەکی تری بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان زیاد کردووە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە زیادبوونی ژمارەی ئەو گەورە کۆمپانیایانەش داوە کە باج بە حکومەت دەدەن، بە جۆرێک لە ئیستادا ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی کە باج بە حکومەت دەدەن گەیشتووەتە ٦٨٧ کۆمپانیا، لە هەولێر ٥٣٣ کۆمپانیا و لە سلێمانی ١٠٢ کۆمپانیا و لە دهۆکیش ٥٢ گەورە کۆمپانیا باج بە حکومەت دەدەن.

مامەڵەی دوو ئیدارەیی و کێشەکانى کۆکردنەوەى داهاتى ناوچەکان و کێشەى تەکنیکیی لە کۆکردنەوەى داهاتى ناوخۆ یەکێکیترە لەو گرفت و بەربەستانەی کە لەبەردەم کابینەی نۆیەمدایە و تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە وەک پێویست مامەڵەی لەگەڵ بکات، هیچ دەقێکی یاسایی لە هەرێم نیە کە بوار بداتە دوو ئیدارەیی، کەچی لە کۆکردنەوەی داهاتدا ناوچەکان بە جیا داهات کۆدەکەنەوە و مامەڵەی لەگەل دەکەن، ئەوەش بووتە هۆکارێک بۆ ئەوەی داهاتی راستەقینەی هەرێم نادیار بێت و هاوکات بێجگە لە دروستبوونی پاشاگەردانی لە بەرێوەبردنى پرۆژەکان و دابەشکردنى مووچە، دەرگای بۆ گەندەلی قاچاخچییەتیش کردووەتەوە، ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە کابینەی نۆیەم تەسلیمی ئەو واقعە بووە، کە ئەنجامەکانی شەری ناوخۆ سەپاندویەتی.

خەرجکردنی بڕ پارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا ئەمنییەکاندا یەکێکیترە لە گرفتەکانی کابینەی نۆیەم و حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە وەک پێویست مامەڵەیان لەگەڵ بکات، چونکە تا دێت ژمارەی ئەو کۆمپانیایانە زیاد دەکات، به‌پێى ئاماره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان که‌ پشتى به‌ستووه‌ به‌ سیسته‌مى بایۆمه‌ترى‌ نزیکەى ٤١٧ هه‌زار فه‌رمانبه‌رى سه‌ربازیی هەیە، که‌ ده‌کاته‌ له‌سه‌دا ٥٦ى کۆى گشتیى فه‌رمانبه‌رانى فعلى که‌ له ئه‌رک و‌ ده‌وامى فه‌رمیدان، کەچی داهاتێکى زۆر بۆ کۆمپانیا ئەمنیەکان دەچێت و لەو چوارچێوەیەشدا پاراستنى سێکتەرى کێڵگە نەوتییەکان بە کۆمپانیا ئەمنیەکان دراوە، لەکاتێک دوو لیوای نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان ھەن کە ژمارەیان نزیکە لە ٦ هەزار کەس  کە بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی نەوت دامەزراون.

دەروازە سنورییەکان و داهاتەکانیان، قاچاخچێتی و بەهەردانی داهات لەو دەروازانەدا بابەتێکی ترە کە لە ماوەی کاری کابینەی نۆیەمدا زۆرترین مشتومڕ و زۆر جاریش بەریەککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتووەتەوە، بەپێی ئامارەکان هەرێمی کوردستان ٢١ دەروازەی سنووری هەیە، کە ١٤ یان لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی و، ٧ دەروازەشیان لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدان، بەشێکیان دەروازەی نێودەوڵەتی و فەرمی و بەشێکیشیان نافەرمین، بەڵام هاوشێوەی دەروازە فەرمییەکان کاری بازرگانییان تێدا دەکرێت، ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە تاوەکو ئیستا کاری نایاسایی لە بەشێک لە دەروازەکاندا بەردەوامە.

هەر بەپێی زانیارییەکان کە لە راپۆرتەکەی  ڕێکخراوی ستۆپدا ئاماژەی پێکراوە،حکومەتی هەرێم دەسەڵاتی بەسەر بەشێک لە دەروازە سنوریەکاندا نییە، داهاتەکانیان شەفاف نییە، وەزارەتی دارایی و ئابووری نازانێت داهاتیان چەندە.

هەرچەندە حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنیان چەند لیژنەیەکی پێکهێنا، بەڵام تاوەکو ئێستا  سەرجەم بڕیار و راسپاردەکانی لیژنە جیاوازەکانی حکومەت بۆ چاکسازی لە خاڵە سنوریەکان هێشتا جێبەجێ نەکراون، بەو هۆیەشەوە بەڵێنی کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوریەکان  وەک خۆی ماوەتەوە و هێشتا جێبەجێ نەبووە.

یەکێکیتر لە گرنگترین ئەرکە سەرەکییەکانی سالانەی حکومەت پێشکەشکردنی پرۆژەیاسای بودجەیە کە حکومەتی هەرێم نەک ئەم کابینەیە، بەڵکو ماوەی ٩ ساڵە بودجەی ئاراستەی پەرلەمان نەکردووە و ئەوەش هەرێمی کوردستانی دوچاری کۆمەڵێک تەنگژەی ناڕوونی لە داهات و خەرجیەکان کردووەتەوە، لە لایەکی تریشەوە بەشێک لەو کێشانەی کە لە کۆکردنەوەی داهاتدا دروست بوون، نەبونی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانە دروستی کردوون.

بەو شێوەیە کابینەی نۆیەمیش نەیتوانی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان بەبێ بوونی یاسای بودجە کارە دارایی و ئابورییەکانی خۆی بەڕێدەکات و بەردەوام چاکسازی و زیادبوونی داهات و ڕێکخستنەوەی باج و رسومات بە گوێی هاوڵاتیاندا دەداتەوە.