مەڕێکی قوربانی دوای فرۆشتنی، دەیان کیلۆمەتر دەبڕێت و دەگەڕێتەوە لای خاوەنەکەی

جیهان

29/06/2022‌ 1073 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:


میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە کە لە شاری ئەسکیشەهیری ئەو وڵاتە، مەڕێک کە بۆ قوربانیکردن فرۆشراوە، لەماوەی پێنج رۆژدا مەودای 30 کیلۆمەتر دەبرێت و دەگەڕێتەوە لای خاوەنە کۆنەکەی.

سەبارەت بەو بابەتە، خاوەنە کۆنەکەی  باسی لەوەکردووە کە تووشی سەرسووڕمان بووە کاتێک بینیویەتی ئەو مەڕەی پێنج رۆژ لەمەوبەر فرۆشتوویەتی، وا لەبەردەم دەرگای گەوڕی مەڕەکان وەستاوە و ئامادە نەبوو لای خاوەنە تازەکەی بمێنێتەوە.

دواتر کەسەکە پەیوەندیی بە کڕیارەکەوە دەکات و لەبابەتی گەڕانەوەی مەڕەکە بۆ لای خۆیان ئاگاداری دەکاتەوە، ئەویش دەڵێت ئەوە پێنج رۆژە مەڕەکە دیار نەماوە و کون و قوژبنی ناوچەکە نەماوە لێی نەگەڕێت و سۆراغی نەکات کەچی هەر نەیدۆزیوەتەوە.

دوای ئەم رووداوە، خاوەنە کۆنەکەی مەڕەکە لە فرۆشتنی پاشگەز دەبێتەوە و بە 3500 لیرە مەڕەکە لە کابرا دەکرێتەوە، لەکاتێکدا پێنج رۆژ پێشتر بە 2500 لیرەی پێفرۆشتبوو.