ڕووداوەکانی کوشتن ئاشتی و ئارامی کۆمەڵایەتی لە هەرێم بڕیوە

کوردستان

29/06/2022‌ 1065 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ساڵانێکی دور و درێژە هەموان هاوار دەکەن چیدی با کوشتن و دەستدرێژی و ئازاردانی یەکتر کۆتایی پێبێت، کەچی نەک کۆتایی پێ نەهاتوە، بەڵکو ساڵ بە ساڵ و رۆژ بە رۆژ دیاردەکە زیاتر دەبێت و خەریکە دەبێتە مۆتەکەی کۆتاییهێنان بە ئارامی دەرونی تاکی کورد.

دەمێکە ڕۆشنبیران و میدیاو یاساناسان و چالاکان دەڵێن دەسەڵات کەمتەرخەمە و دەبێت بەجدی بێتە سەر خەت و کۆتایی بە دیاردەکە بهێنێت، بەڵام خەمساردی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان نەک دیاردەکەی سنوردار نەکردوە، بەڵکو وایکردوە هەموو سنورەکان ببەزێنێت و ئاشتی کۆمەڵایەتی بخاتە ژێر هەڕەشەی جدییەوە.

لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی و کێشەی زەویوزار و دەمەقاڵەی دوومنداڵ و زۆرکات لەسەر شەری دوو کەڵەشێر، یان لەسەر ڕەماشێکی ئۆتۆمبێل هەمیشە پەلەپیتکەی چەکەکان ئامادەیەو گیانی یەکێک یان دوان و سیان و زیاتریش دەکاتە قوربانی.
شەوبێت یان رۆژ، پرسەبێت یان جەژن، گیانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە دەکرێتە قوربانی و کەسیش نازانێت ئەنجامدەرانی تاوانەکان چۆن سزا دەدرێن.

بەردەوام لە کاتی دووبارە بونەوەی ڕوداوەکانی کوشتندا پەنجەی تۆمەت بۆ حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار و دەسەڵاتی دادوەری ڕادەکیشرێت، بەو تۆمەتەی کە حکومەت کەمتەرخەمەو دەسەلاتی دادوەریش لە ژێر هەیمەنەی حزب و شەخسیەکانی نێو حزبدایەو ناتوانێت بریاڕەکانی بە سەربەخۆیی بهێڵێتەوەو دور بێت لە کاریگەریی حزبەکان.
لەپاڵ ئەمانەشدا ڕۆڵی خراپی دووحزبی دەسەڵاتدار لە دابەشکردن و بە دیاریکردنی چەک لە کاتە جیاوازەکان و بە تایبەت لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا و بە مەبەستی کڕنی دەنگی دەنگدەران یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی کە بەردەوام ئامادەیی هەبوە لە ڕوداوەکانی کوشتندا.
بێسەروبەرەیی و ئازادی لە کڕێن و فرۆشتنی چەک لە بازارەکانی ناوشارەکانی هەولێر و سلێمانی یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی زۆربون و بەردەوام بونی ڕوداوەکانی کوشتن.

ئەگەرچی لە سەرانسەری دونیادا روداوەکانی کوشتن هەن و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر تارادەیەک جیاوازیی هەیەو لە کۆمەڵگەی کوردیش وەک کۆمەڵگەیەکی تازە گەشەکردوی دونیای پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا ڕەنگە ئاسایی بێت بەهۆی بەریەککەوتن و ژیانی رۆژانەوە ئەو جۆرە ڕوداوانە هەبن، بەڵام ئێستا بە جۆرێک ڕوداوەکان زیادیان کردوە کە بونەتە هۆی نانەوەی پشێوی کۆمەڵایەتی و ئاشتی کۆمەڵایەتیان تەواو خستۆتە بەر نەشتەری هەڕەشەو لەناوچوون.

ئێستا هیچ تاکێکی کۆمەڵگە لە ژیان و گیانی خۆی دڵنییا نییەو بون و نەبونی کێشەو گرفتی پێشوەختە هیچ جیاوازییەکی نییە بۆ پاراستن یان بونی هەڕەشە لەسەر ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە.

بەجۆرێک ڕوداوەکان زیادیان کردوە کە لە ماوەی کەمتر ١٦ کاتژمێردا لە دهۆک و سەیدسادق و هەولێر لە چەند روداوێکی جیاوازدا و بەهۆی کێشە و ئاڵۆزیی جیاوازەوە چوارکەس کوژراون، کە مێردمنداڵی ١٥ ساڵان و گەنج  و مامۆستای زانکۆ و راگری کۆلێژی یاسای تێدابوە.

هەموو روداوەکان زۆر بەخێرایی تێپەرین و بۆ ماوەی چەند کاتژمیرێک بونە هەواڵی گەرمی میدیاکان و دۆخێکی شلەژاوییان لە کۆمەڵگەدا هێنایە کایەوەو ئاشتی کۆمەڵگەیان تێکدا بە جۆرێک ڕوداوەکان بونە ماتەمییەکی سەراپاگیر و گشتی بۆ کۆمەڵگە.

لە ڕوداوی کوشتنی دوو مامۆستاکەی زانکۆدا لەسەر ئاستی باڵا سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و جێگرەکانیان و گەورەبەرپرسانی هەرێم بەیاننامەیان بڵاوکردوەو هەموویان یەک رستەیان دووبارەکردبۆوە کە دەبێت تاوانباران بە سزای عادیلانەی خۆیان بگەن و دادگا ڕۆڵی خۆی ببینێت.

ئەمە رەنگە ئەو راستیە بیری خەڵک بهێنێتەوە کە لە ساڵانی رابردودا چەندین حاڵەتی رفاندن و کوشتن و هەڵکوتانە سەر ماڵان ڕویداوەو بەشێک لە بکەرانیان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچون و نەتوانراوە تۆڵەیان لێبکرێتەوە.

لە بەشێک لە روداوەکانی کوشتندا لە ساڵانی رابردودا کەسانێکی حزبی تاوانێکیان ئەنجامداوەو دواتر بە گواستنەوەی سەنگەری حزبایەتیان بە مەبەستی پەنادانیان هەموو شتێک کۆتایی هاتوەو حزبە نوێکەی بوەتە جێگرەوەی دادگاکان و ئەستۆپاکی خستۆتە گیرفانیەوەو، هەندێک جاریش پاسەوان و هێزی تایبەتی بۆ دامەزراندون بۆ پاراستنیان.

هەموو ئەم روداوانە شایەنی ئەوەن هەڵوەستەی جدیان لەبارەوەبکرێت و هەوڵی کەمکردنەوەیان بدرێت و دادگاو دەسەڵاتی دادوەری رۆڵی کارای خۆی ببینێت و دەسەلاتی جێبەجێکردنیش لە پاراستنی ئارامی و ئاشتی کۆمەڵگەدا رێکارەکانی کۆتایی هێنان بە دیاردەی چەکداریی بهێنێت، بۆ ئەوەی هاولاتیانی هەرێمی کوردستان وێرای هەموو قەیرانە کەڵەکەبوەکان لە ژیان و گیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان دڵنیابن.